رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵای لە دژی حیزبوڵڵای لوبنانی تۆمارکردووە بە تۆمەتی ئەوەی کە چەند مەترێک سنووری بەزاندووە و لە نێو ئیسرائیل دوو چادری هەڵداوە.
فەرماندەی ئەو هێزە ئاشتیپارێزەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پاسەوانیی سنووریی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەکات، رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی هەردوولا لە پەیوەندیدایە بۆ ئەوەی گرژییەکان کەمبکرێنەوە.
چادرەکان لە ناوچەکانی باخەکانی شەعبا و کەفر شوبا هەڵدراون، کە ئەو دوو ناوچەیە لە ساڵی 1967 لەلایەن ئیسرائیلەوە لە دەستی سووریا دەرهێنران و بەشێکن لە بەرزاییەکانی جۆلان کە ساڵی 1981 ئیسرائیلەوە لکێنرا. بەڵام حکومەتی لوبنان دەڵێت، ناوچەکە سنووری لوبنانە.
میدیای ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە بڵاویکردەوە کە حیزبوڵڵا یەکێک لە دوو چادرەکانی چۆڵکردووە، بەڵام گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکەی ئێران ئەو هەواڵەی پشتڕاستنەکردووەتەوە.
هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر سنووری لوبنان - ئیسرائیل کە بە UNIFIL کورتدەکرێتەوە، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، جەنەڕاڵ ئارۆڵدۆ لازارۆ، فەرماندەی هێزەکە "لە پەیوەندیی راستەوخۆی بەردەوامدایە لەگەڵ دامودەزگەکانی هەردوولای هێڵی شین بۆ ئەوەی دۆخی چادرەکان چارەسەر بکرێت."
ئەو هێڵە سنووریەی کە دوای کشانەوەی ئیسرائل لە باشووری لوبنان لە ساڵی 2000 کێشراوە، بە هێڵی شین ناودەبرێت.
راگەیێندراوەکە دەشڵێت: "لەو هەواڵانە دەکۆڵینەوە کە باس لە گواستنەوەی چادرێک بۆ باکووری هێڵی شین دەکەن."
UNIFIL هەروەها باس لەوە دەکات کە هەر چالاکیێکی رێگەپێنەدراو "لە نزیک هێڵی شین، مایەی نیگەرانییە و چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت ببێتە هۆی زیادبوونی گرژی و لێکنەگەیشتن."
محەممەد رەعەد، یەکێک لە فەرماندەکانی حیزبوڵڵا رۆژی شەممە، باسی لەوە کردبوو کە چادرەکان لە نێو سنووری لوبناندان. هەروەها وەک ئاماژەیەک بۆ ئیسرائیل گوتی: "ئێوە ناتوانن دوو چادر لاببەن، چونکە بەرخودان و پیاوی بەهێز لەم وڵاتەدا هەن."
ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنانی لە ساڵی 2006 لە جەنگێکی یەک مانگیدا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە. هەفتەی رابردوو، حیزبوڵڵا گوتی، درۆنێکی ئیسرائیلییان لە کاتی فڕینیدا بەسەر گوندێکی باشووری لوبناندا خستووەتە خوارەوە. لە ماوەی رابردوودا، حیزبوڵڵا بەرپرسیارێتیی خۆی لە خستنەخوارەوەی درۆنەکان راگەیاندووە، سوپای ئیسرائیلیش باسی لە خستنەخوارەوەی چەندین درۆنی حیزبوڵڵا کردووە.
ئیسرائیل، حیزبوڵڵا بە نزیکترین و مەترسیدارترین هەڕەشە بۆ سەر خۆی دادەنێت و بە مەزەندە تاوەکو ئێستا 150 هەزار مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ