رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بە بەرپرسانی باڵای سەربازیی وڵاتەکەی راگەیاند، سوپای ئیسرائیل خەریکی ئامادەکردنی پلانێکی جێبەجێکردنە بۆ "دڵنیابوون لەوەی ئێران ناتوانێت بگەڕێتەوە و هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات."
رۆژی هەینی، 4ـی تەممووزی 2025، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "سوپای ئیسرائیل پلانێک ئامادە دەکات بۆ ئەوەی دڵنیابێت ئێران ناتوانێت جارێکی دیکە هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات."
کاتز گوتیشی، پێویستە سوپا لە هەردوو رووی هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنەوە ئامادە بێت بۆ دڵنیابوون لەوەی ئیسرائیل باڵادەستیی ئاسمانیی هەیە و رێگری لە تاران بکات لە دووبارە بنیاتنانەوەی تواناکانی پێشووی.
گوتەکانی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، دوای جەنگێکی ئاسمانیی 12 رۆژە دێت لەنێوان دوو دووژمنە دێرینەکە لە مانگی حوزەیراندا، کە تێیدا ئیسرائیل هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و رایگەیاند، ئامانج لێی رێگریکردن بووە لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە.
ئێران رەتیدەکاتەوە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات و جەختدەکاتەوە کە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتییە.
دوای ئاگربەستێک کە لەلایەن ئەمریکاوە راگەیێندرا، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەڵێنیدا رێگری لە ئێران بکات جارێکی دیکە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بنیات بنێتەوە، ئەمەش ئەگەری ململانێی زیاتری هێنایە ئاراوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئیسرائیل دانی بەوەدا ناوە کە لە ماوەی جەنگی 12 رۆژەدا لەگەڵ ئێران، زیاتر لە 50 مووشەکی بەرکەوتووە و لە ئەنجامدا 28 کەس گیانیان لەدەستداوە.
لە ئێرانیش، بەپێی دەسەڵاتی دادوەریی وڵاتەکە، هێرشەکانی ئیسرائیل زیاتر لە 900 کەسی کوشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ