نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 600 کەس لە کاتی دابەشکردنی هاوکاری لە غەززە کوژراون

04-07-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە کۆتایی مانگی ئایارەوە 613 کەس لە نزیک خاڵەکانی دابەشکردنی هاوکاری و کاروانە مرۆییەکان لە کەرتی غەززە کوژراون؛ 509 کەسیان لە نزیک بنکەکانی دەزگای مرۆیی غەززە (GHF) بوون، کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پشتیوانی دەکرێن.
 
دەزگای مرۆیی غەززە (GHF) لە 26ی ئایار دەستی بە کارەکانی کرد، دوای ئەوەی ئیسرائیل بۆ زیاتر لە دوو مانگ رێگریی لە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە کرد، ئەوەش بووە هۆی دەرکردنی هۆشداری لەبارەی روودانی برسێتی.
 
بەهۆی پشێوی و ئاڵۆزی و راپۆرتی رۆژانە لەبارەی تەقەکردنی هێزەکانی ئیسرائیل لەو خەڵکەی چاوەڕێی وەرگرتنی بەشەخۆراکن لە غەززە، گومانی زۆر لەسەر کارەکانی GHF هەیە.
 
رۆژی هەینی 04-07-2025 راڤینا شامدەسانی، گوتەبێژی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "لەو کاتەوەی GHF دەستی بە کارەکانی کردووە، تاوەکو 27ی حوزەیران 613 کوشتنمان لە نزیک خاڵەکانی دابەشکردنی GHF و نزیک کاروانە مرۆییەکان تۆمار کردووە."
 
شامدەسانی گوتیشی، "لەو 613 کەسە، 509 کەسیان لە نزیک خاڵەکانی دابەشکردنی GHF کوژراون،" ئەوانی دیکە "لە نزیک کاروانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کاروانی دیکەی ناحکومی" کوژراون.
 
بە گوتەی شامدەسانی، ژمارەکان بەردەوام لە گۆڕاندان و نووسینگەکەیان "راپۆرتی دیکەی لەبارەی کوشتنەوە پێگەیشتووە، کە کار بۆ پشتڕاستکردنەوەیان دەکات."
 
گوتەبێژەکە گوتی، "روونە کە سوپای ئیسرائیل تەقەی لەو فەلەستینییانە کردووە کە هەوڵیان داوە بگەنە خاڵەکانی دابەشکردنی هاوکاری. چەند کەس کوژراون؟ کێ بەرپرسیارە لەوە؟ ئێمە پێویستمان بە لێکۆڵینەوەیە. پێویستمان بە دەستڕاگەیشتنە. پێویستمان بە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆیە و پێویستە لێپرسینەوە بۆ ئەم کوشتنانە هەبێت."
 
نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە گەورەکانی بواری هاوکاری رەتیانکردووەتەوە هاوکاری لەگەڵ دەزگەکە بکەن، ئەوەش بەهۆی ئەو نیگەرانییانەی گوایە بۆ خزمەتکردنی ئامانجە سەربازییەکانی ئیسرائیل داڕێژراوە و بنەما سەرەکییەکانی مرۆیی پێشێل دەکات.
 
GHF، کە بنکەکەی لە ویلایەتی دێلاوێری ئەمریکایە، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، زیاتر لە یەک ملیۆن کارتۆنی خۆراکی لە غەززە دابەشکردووە.
 
جۆنی موور، سەرۆکی GHF کە هاوپەیمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە؛ رۆژی چوارشەممە لە برۆکسل بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئێمە یەک رووداوی تووندوتیژیمان لە شوێنەکانی دابەشکردنی خۆماندا نەبووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە