حەماس: راوێژ لەبارەی پێشنیازی ئاگربەستی غەززە دەکەین

04-07-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی حەماس رایدەگەیێنێت، لەگەڵ بزووتنەوەکانی دیکەی فەلەستین لەبارەی پێشنیازی ئاگربەستی غەززە، گفتوگۆ دەکەن.
 
رۆژی هەینی 4ی تەممووزی 2025 بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، بزووتنەوەکە راوێژ لەگەڵ سەرکردەی هێز و لایەنەکانی فەلەستین دەکات سەبارەت بەو پێشنیازەی لە نێوەندگیرەکانەوە پێیگەیشتووە.
 
ئەم راگەیێندراوەی حەماس پێش سەردانەکەی رۆژی دووشەممەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دێت بۆ واشنتن، کە بڕیارە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە.
 
دوو ئاگربەستی پێشوو بە نێوەندگیریی قەتەر، میسر و ئەمریکا، بوونە هۆی راگرتنی کاتیی شەڕ و ئازادکردنی چەند بارمتەیەکی ئیسرائیلی لە بەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەک دیلی فەلەستینی.
 
چەند کاژێرێک پێش راگەیێندراوەکەی حەماس، نەتەنیاهوو بەڵێنی دابوو سەرجەم بارمتەکان بگەڕێنێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی رووبەڕووی گوشارێکی زۆری ناوخۆیی بووەوە، بەتایبەتی لەلایەن کەسوکاری بارمتەکانەوە.
 
ترەمپ رۆژی پێنجشەممە گوتی، دەیەوێت "ئاسایش" بۆ خەڵکی غەززە دابین بکرێت. گوتیشی، "دەمەوێت ئاسایش بۆ خەڵکی غەززە ببینم. ئەوان بە دۆزەخدا تێپەڕیون."
 
پێشنیازی ئاگربەستی 60 رۆژە
 
سەرچاوەیەکی فەڵەستینی ئاگادار لە دانوستاندنەکان، سەرەتای ئەم هەفتەیە راگەیاند، هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پێشنیازە نوێیەکەدا نییە بەراورد بەو مەرجانەی پێشتر لەلایەن ئەمریکاوە پێشکەشکرابوون.
 
سەرچاوەکە گوتی، پێشنیازە نوێیەکە "ئاگربەستێکی 60 رۆژی لەخۆدەگرێت، کە تێیدا حەماس نیوەی بارمتە زیندووەکان لە کەرتی غەززە ئازاد دەکات، لە بەرامبەردا ئیسرائیل ژمارەیەک لە دیل و دەستبەسەرکراوانی فەلەستینی ئازاد دەکات.
 
دوای نزیکەی 21 مانگ لە جەنگ، دۆخێکی مرۆیی سەخت بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە کەرتی غەززە دروست بووە. ئیسرائیل لەم دواییانەدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی حەماس فراوانتر کردووە.
 
لە کۆی 251 کەس کە لە هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمدا لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیران، 49یان هێشتا لە غەززەن، سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت 27یان گیانیان لەدەستداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە