رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ژمارەیەک کۆمپانیا هەن سوود لە "جینۆسایدی" غەززە دەبینن.
فرانچیسکا ئەلبانیز، پسپۆڕی بواری دۆسیەی فەلەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی پێنجشەممە لە راپۆرتێکدا سەرکۆنەی ئەو کۆمپانیایانەی کرد کە بە گوتەی خۆی "لە ئابووریی ئیسرائیل، داگیرکاری نایاسایی و سیستمی جیاکاریی نەژادی قازانجیان کردووە و ئێستاش لە جینۆساید قازانج دەکەن."
راپۆرتەکە تووڕەیی ئیسرائیلی لێکەوتەوە؛ هەروەها بەشێکی ئەو کۆمپانیایانەی لە راپۆرتەکەیدا باسکراون، ناڕەزاییان دەربڕی.
ئەلبانیز راپۆرتەکەی پێشكێش بە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
خانمە پسپۆڕەکە داوا لە کۆمپانیاکان دەکات، هەموو بازرگانی و کارکردنێک لەگەڵ ئیسرائیل بوەستێنن، بۆئەوەی لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تاوانی نێودەوڵەتیدا بەشدار نەبن.
لە وەڵامدا، نوێنەرایەتیی ئیسرائیل لە جنێڤ گوتی، راپۆرتەکەی پسپۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵنەری "رق و کینەی" دژی ئیسرائیلی لە پشتەوەیە.
ئیسرائیل دەڵێت، راپۆرتەکە "لەڕووی یاساییەوە بێ بنەمایە، ناوزڕێنەر و خراپ بەکارهێنانی پۆستە."
کۆمپانیای گلێنکۆری سویسری کە لە بواری کانزاکاندا کار دەکات و ناوی لە راپۆرتەکەدا هاتبوو، راپۆرتەکەی ئەلبانیزی بە "بێ بنەما" ناوبرد.
ئەلبانیز راپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە لەسەر مافەکانی مرۆڤ لەو ناوچە فەلەستینییانەی لە ساڵی 1967ـەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
خانمە پسپۆڕەکە دۆخی کەرتی غەززە و کەرتی رۆژئاوای فەلەستین بە "دنیاوێرانبوون" دەچووێنێت. ئەو دەڵێت، "لە غەززە، فەلەستینییەکان بەردەوامن لە چەشتنی ئازارێک کە بە بیری مرۆڤدا نایەت."
ئەلبانیز بە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی راگەیاند، کۆمپانیا و بازرگانییەکان لە بەرهەمهێنەرانی چەکەوە تاوەکو دەگاتە سوپەرمارکێت و زانکۆکان، رۆڵیان هەبووە لەم "جەنجەڕی سڕینەوەیەدا."
ئەلبانیز دەشڵێت، بەشێک لەوانە لەڕووی دارایی و ژێرخانەوە، یارمەتیی ئەو کۆمەڵگە جوونشینانەیان داوە کە ئیسرائیل بە شێوەیەکی نایاسایی لە سنووری دەستبەسەرداگیراوی فەلەستین دروستیکردوون.
بە گوتەی خانمە پسپۆڕەکە، "هەموو ئەوانە بوونەتە هۆی قووڵکردنەوەی سیستمی جیاکاریی نەژادی و لەنێوبردنی ژیانی فەلەستینییەکان."
لە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بە چەپڵەی گەرم پێشوازی لە راپۆرتەکەی ئەلبانیز کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ