رووداو دیجیتاڵ
خەریکە کێڵگەیەکی نەوت و گازی ناکۆکی لەسەر دەبێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایبوونەوەی تەواوەتیی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئێرانی دوو نەیاری مێژوویی لە ناوچەکەدا.
کێڵگەکە دەکەوێتە نێو ئاوەکانی کەنداو لە نێوان سێ وڵات. سعودیە و کوێت لە لایەک و ئێرانیش لە لایەکی دیکە بە سامانی خۆیانی دەزانن و هەر لایەنێکیان هەڕەشەی ئەوە دەکات، بێ رێککەوتن دەست دەکەن بە دەرهێنانی نەوت و گازی کێڵگەکە.
کێڵگەکە 63 ساڵ لەمەوبەر دۆزراوەتەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکان هیچ وەبەرهێنانێکی تێدا نەکراوە. بەگوێرەی دامەزراوەی نەوتی کوێتی، لە توانایدا دەبێت رۆژانە یەک ملیار پێ سێجا گاز و 84 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبێنێت.
سعودیە و کوێت جەختدەکەنەوە کە کێڵگەی نەوت و گازی دوڕە، تەنیا موڵکی ئەوانە و داوا لە تاران دەکەن دەست بە دانوستاندن بکات بۆ دیاریکردنی سنووری رۆژهەڵاتی ئەو ناوچە دەریاییەی کە لە نێوان دوو وڵاتە کەنداویییەکە لە لایێک و ئێران لە لایەکی دیکە دابەش بووە.
سعودیە و کوێت پێداگرن لەسەر ئەوەی کە سامانە سرووشتییەکانی ناوچەی دابەشکراوی نێوانیان، لە نێویدا کێڵگەی گازی دوڕە، بە تەواوی بۆ ئەوانە.
لە راگەیێندراوێکی رۆژی پێنجشەممەی هاوبەشی وەزارەتەکانی دەرەوەی سعودیە و کوێتدا هاتووە، هەردوو وڵات "دووبارە جەخت دەکەنەوە لەسەر ئەوەی کە خاوەنداریێتیی سامانە سرووشتییەکانی ناوچە دابەشکراوەکە، بە تەواوی کێڵگەی دوڕەوە، تەنیا سامانی هاوبەشی شانشینی عەرەبی سعودیە و کوێتە و تەنیا ئەوان مافی سەروەریی تەواویان هەیە بۆ سوودوەرگرتن لە سامانەکانی ئەو ناوچەیە."
هەردوو وڵات هەروەها داوا لە تاران دەکەن بێتە پێشەوە بۆ دانوستاندن لەسەر سنووری رۆژهەڵاتی ناوچە دابەشکراوەکە و وەکو یەک لایەن "بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی و بنەمای دراوسێیەتیی باش" دانوستاندن لەگەڵ سعودیە و کوێتدا بکات.
ئێران و کوێت چەندین ساڵ دانوستاندنیان لەسەر سنوورە ئاوییە کێشەلەسەرەکانیان کرد، کە دەوڵەمەندن بە گاز، بەڵام هیچی لێ سەوزنەبوو.
هەوڵەکانی ئەمدواییەش شکستیان هێنا لە کاراکردنەوەی دانوستاندنەکان. جەواد ئۆجی، وەزیری نەوتی ئێران یەکشەممەی رابردوو ئاماژەی بەوە کرد کە دەکرێت وڵاتەکەی دەست بە دەرهێنانی گازی کێڵگەکە بکات تەنانەت ئەگەر نەگەنە رێککەوتنیش.
هاوکات، میدیای فەرمیی ئێران لە زاری وەزیرەکەوە بڵاویکردەوە کە "ئێران پارێزگاری لە مافەکانی دەکات سەبارەت بە سوودلێوەرگرتن و گەڕان لە کێڵگەکە ئەگەر خواستێک نەبێت بۆ لێکگەیشتن و پێکەوەکارکردن."
مانگی رابردوو، کوێت داوای گەڕێکی نوێی دانوستاندنی کرد لە بارەی سنووری دەریایی دوای ئەوەی کە ئێران ئامادەیی خۆی بۆ دەستکردن بە بیرلێدان لە کێڵگەکە دەربڕی.
دواتر میدیای عەرەبی بڵاویکردەوە کە سەعد بەراک، وەزیری نەوتی کوێت رایگەیاندوە، ئەوانیش دەست بە گەڕان و بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە دەکەن بێ ئەوەی چاوەڕێی ئەوە بن لەگەڵ ئێران لەسەر دەستنیشانکردنی سنوور بگەنە رێککەوتن.
13ی نیسانی 2022، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشی نێوان سعودیە و کوێتدا هاتبوو کە "هەردوو وڵات پێشتریش داواکارییان ئاراستەی ئێران کردووە بۆ دانوستاندن لەسەر دیاریکردنی سنووری رۆژهەڵاتی ناوچەی دابەشکراوی کەنداو، بەڵام ئێران بەدەم ئەو داواکاریانەوە نەهاتووە."
کاتێک کە کوێت رێککەوتنێکی لەگەڵ سعودیە واژۆکرد بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی دوڕە، ئێران رێککەوتنەکەی بە نایاسایی دانا، بەڵام ریاز ئەوەی رەتکردەوە جەختی لە سەروەریی خۆی و کوێت بەسەر ناوچەکەدا کردەوە و رایگەیاند: "بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان سعودیە و کوێت کە لە 21ی ئاداری 2022 واژۆیانکردووە، مافی هەردوو وڵاتە سوود لە سامانە سرووشتییەکانی ئەم ناوچەیە وەربگرن و بەردەوام بن لە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی رێککەوتنامەکە."
هەروەها ئەوکات جەختیانکردەوە کە هەردوو وڵات وەکو یەک لایەن، داوا لە تاران دەکەن دانوستاندیان لەگەڵدا بکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دامەزراوەی نەوتی کوێتی، چاوەڕێدەکرێت کێڵگەی دوڕە توانای بەرهەمهێنانی یەک ملیار پێ سێجا گاز و 84 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا هەبێت.
بەگوێرەی سەرچاوە میدیاییەکانی ناوچەکە، ئەو رێککەوتنە کە لە نێوان شازادە عەبدولعەزیز سەلمان، وەزیری وزەی سعودیە و محەممەد فارس، وەزیری وزەی کوێت لە 21ی ئاداری 22 واژۆکرا، سنووری ئاویی کوێت لەگەڵ بەشێکی ئەو ناوچەیە دەگرێتەوە کە بەشێوەیەکی یەکتربڕ دەکەوێتە نێوان هەردوو وڵات.
هەر بەپێی ئەو سەرچاوە عەرەبییانە، هۆکاری ئەوەی کە ئێران دەڵێت بەشێکی کێڵگە دەکەوێتە سنوورە ئاوییەکانی، بریتییە لە دواکەوتنی کوێت لە دیاریکردنی سنووری ئاویی خۆی لەگەڵ ئێران، کە ئەوەش بواری بۆ تاران رەخساندووە داوای بەشێکی کێڵگەکە بکات.
کێڵگەی گازی دوڕە لە ساڵی 1967 دۆزراوەتەوە و دەکەوێتە ناوچە ئاوییە سنوور دیارینەکراوەکە. بەگوێرەی شارەزایان، نزیکەی 11 ترلیۆن پێ سێجا گازی یەدەگ و 300 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی یەدەگی تێدایە.
کێڵگەکە لەو کاتەوە هیچ نەوت و گازێکی لێ دەرنەهێنراوە، بڕیاربوو دوای رێککەوتنە 27 ملیار دۆلارییەکەی ساڵی 2022ی نێوان سعودیە و کوێت دەست بە سوودوەرگرتن لە سامانەکانی بکرێت بەڵام هەبوونی ناکۆکی لەگەڵ ئێران بووەتە بەربەست لە بەردەم جێبەجێکردنی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ