لانیکەم 68 کەس لە ئەنجامی نوقمبوونی بەلەمێک لەنزیک یەمەن گیانیان لەدەستدا

04-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی کۆچی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بەهۆی نوقمبوونی بەلەمێکەوە لە نزیک کەناراوەکانی یەمەن، لانیکەم 68 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکەش بێسەروشوێنن، کە زۆرینەی سەرنشینەکانی ئەسیوپی بوون.
 
عەبدولستار ئیسۆڤ، بەرپرسی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ لە یەمەن، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "تاوەکو دوێنێ شەو، 68 سەرنشینی بەلەمەکە گیانیان لەدەستدابوو؛ تاوەکو ئێستا تەنیا 12 کەس لە کۆی 157 سەرنشین رزگار کراون. چارەنووسی ئەوانەی بێسەروشوێنن، نادیارە."
 
رۆژی یەکشەممە، دوو سەرچاوەی ئەمنی لە پارێزگای ئەبیەنی باشووری یەمەن ئامارێکی سەرەتاییان بڵاوکردەوە، کە باسی لە گیانلەدەستدانی 27 کەس دەکرد.
 
سەرەڕای ئەو جەنگەی لە ساڵی 2014وە یەمەنی وێران کردووە، ئەو وڵاتە هەژارە وەکو وێستگەیەکی سەرەکیی رێگەی کۆچی نایاسایی ماوەتەوە، بەتایبەتی بۆ ئەو کۆچبەرانەی لە ئەسیوپیاوە دەڕۆن، کە بەدەست ململانێی نێوان نەتەوەکانەوە دەناڵێنێت.
 
هەموو ساڵێک، هەزاران کەس روو لە "رێڕەوی رۆژهەڵات" دەکەن، کە لە جیبۆتییەوە دەستپێدەکات و بە دەریای سووردا دەگاتە یەمەن، بەو هیوایەی لە کۆتاییدا بگەنە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی کەنداو.
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای ئەبیەن، ئەو بەلەمەی لە کەناراوەکانی یەمەن نوقم بووە، زۆرینەی سەرنشینەکانی کۆچبەری ئەسیوپی بوون.
 
رۆژی یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتییەکە رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان لە کارکردندان بۆ دۆزینەوەی تەرمی "ژمارەیەکی بەرچاو" لە قوربانییەکان.
 
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ دەڵێت، دەیان هەزار کۆچبەر لە یەمەن گیریان خواردووە و رووبەڕووی مامەڵەی خراپ دەبنەوە.
 
ساڵی رابردوو، رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ گیانلەدەستدانی لانیکەم 558 کۆچبەری لە رێڕەوی دەریای سووردا تۆمارکرد، کە 462ـیان بەهۆی نوقمبوونی بەلەمەوە بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.