رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
پێشوازی ڤلادیمیر پووتین لە رەجەب تەیب ئەردۆغان. وێنە: Mikhail KLIMENTYEV / POOL / AFP
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا گەیشتە سۆچی و لەگەڵ سەرۆکی رووسیا کۆبووەوە، پرسی شەڕی ئۆکراینا، گواستنەوەی دانەوێڵە و گازی سرووشتی گرنگترین ئەو پرسانەن کە باسیان دەکەن. ئەردۆغان دەڵێت، جیهان چاوی لە پەیامی هاوبەشیان دەبێت لەبارەی گواستنەوەی دانەوێڵە کە بە "گرنگ" ناوی برد.
کاژێر 12:15 خولەکی نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی گەیشتە سۆچی و دوای کاژێرێک چاوی بە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کەوت.
لەم سەردانەدا، هەریەک لە ئەمینە ئەردۆغان، هاوژینی ئەردۆغان، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، ئاڵپارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان، محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی، محەممەد فاتیح کاجر، وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆجیا، ئیبراهیم یوماکلی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستان، عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی، هافیزە گایا ئەرکان، سەرۆکی بانکی ناوەندیی، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت، هالوک گۆرگون سەرۆکی پیشەسازی بەرگریی، فەخرەدین ئاڵتون، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆمار، یاوەریی ئەردۆغان دەکەن.
لە دانیشتنی پرۆتۆکۆڵیی ئەردۆغان و پووتین لەبەردەم رۆژنامەڤاناندا، ڤلادیمیر پووتین رایگەیاند، لەگەڵ تورکیا بەم نزیکانە ھەم لە بواری گازی سرووشتی و ھەم لە بوارەکانی دیکە ھەنگاوی گرنگمان دەبێت. لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان باسی قەیرانی ئۆکراینا دەکەین کە دڵنیام کاتێکی زۆر بۆ ئەم پرسە تەرخان دەکەن. گواستنەوەی دانەوێڵە دەخەینە رۆژەڤ و بۆ ئەو باسانە ئێمە ئامادەین.
ڤلادیمیر پووتین باسی لەوەشکرد، کارەکانی پەرەپێدان و دروستکردنی بنکەی ئەتۆمی ئاککویو بەتایبەتی چاودێری دەکات و ئاگاداری سەرجەم پێشهاتەکانیەتی. "ئەندازیارەکانمان کاری زۆر باشیان کردووە و دەیکەن. لەوێ هەلی کار بۆ 25 هەزار کەس فەراهەمکراون، ئەمە مایەی دڵخۆشییە." گوتیشی، تیشک دەخەنە سەر پەیوەندییەکانیان لە هەموو روویەکەوە.
هەروەها باسی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا -سووریا کردەوە و رایگەیاند، دەزانین بابەتی سووریا چەند هەستیار و گرنگە بۆ تورکیا، بۆ ئەمەش هەنگاو دەنێین و هاوئاهەنگییەکانمان زیاتر دەکەین.
دواتر ئەردۆغان لە دەستپێکی قسەکانیدا گوتی: "لەو باوەڕەدام کە دیداری سەرۆکانی بانکی ناوەندیی تورکیا و رووسیا لە رووی هەنگاونان بەرەو سیاسەتی دراوی ناوخۆیی لە پەیوەندییەکانی دوو وڵاتدا گرنگ دەبێت. لەبارەی گواستنەوەی دانەوێڵە هەموو جیهان چاوی لە دوای ئەو دیدارەی نێوانمان دەبێت، ئەو پەیامەی کە بۆ جیهانی رادەگەیێنین بە تایبەت بۆ وڵاتانی کەمدەرامەت، وەک هەنگاوێک زۆر گرنگ دەبێت."
لەبارەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیاندا، ئەردۆغان باسی لەوەکرد، "ئێستا قەبارەی بازرگانی دەرەوەی نێوان تورکیا و رووسیا 62 ملیار دۆلارە. ئەوە ئێمە زۆر دڵخۆش دەکات کە ئەو قەبارەیە بەرەو 100 ملیار دۆلار دەچێت."
لە پرسی وزەشدا، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، کڕیاری ژمارە یەکی گازی سرووشتی رووسیان و بەنیازن قەبارەکە لە ئاستی جاران فراوانتر و زیاتری بکەن. گوتیشی کە "چاومان لە ئاسانکاری زیاتر و ئامادەسازیی باشتر دەبێت و دڵنیام بۆ ئەمەش رێکدەکەوین."
بڕیارە دوای کۆبوونەوەی دوو قۆڵی ئەردۆغان و پووتین، کۆبوونەوەی دووەم لەنێوان شاندەکان لەژێر چاودێریی سەرۆکی هەردوو وڵاتەکە بەڕێوەبچێت. دواتر هەردوو سەرۆک کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەش رێکدەخەن و بەمەش ئەردۆغان کۆتایی بە سەردانەکەی دەهێنێت.
لەوەتەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا سەریهەڵداوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان 13 جار پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کردووە و پێنج جاریش کۆبوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ