حەماس چەند مەرجێکی بۆ رازیبوون بە پلانەکەی ترەمپ هەیە

04-10-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
حەماس ئاماژەی بە چەکدانان نەکردووە.
حەماس ئاماژەی بە چەکدانان نەکردووە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای نزیکەی دوو ساڵ لە جەنگی غەززە، حەماس رازیبوونی مەرجداری خۆی بە پێشنیازەکەی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە راگەیاند. پلانەکە داوای ئاگربەست، ئازادکردنی بارمتەکان لە ماوەی 72 کاژێر، کشانەوەی قۆناخبەندی سوپای ئیسرائیل و چەککردنی حەماس دەکات.
 
ئوسامە حەمدان، بەرپرسی باڵای حەماس لەوبارەیەوە دەڵێت، "پێشوازی لەو هەوڵانە دەکەین لەسەر ئاستی عەرەبی، ئیسلامی و نێودەوڵەتی دراون، هەروەها هەوڵەکانی سەرۆک ترەمپ و گوتوومانە، ئامادەین بچینە نێو دانوستاندنی راستەوخۆوە بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنەکە و ئامادەکردنی زەوینە بۆ ئەمە."
 
بەپێی پێشنیازەکە، بەڕێوەبردنی غەززە رادەستی دەستەیەکی تەکنۆکرات دەکرێ کە لەلایەن دەسەڵاتێکی راگوزەری دوای جەنگەوە سەرپەرشتی دەکرێ.
 
پلانەکەی ترەمپ لە 20 خاڵ پێکدێت. دیارترین ئەو خاڵانەی حەماس لەسەری رازی بووە بریتییە لە ئازادکردنی بارمتەکان و رادەستکردنی بەڕێوەبردنی کەرتەکە.
 
حەماس لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بە بابەتی چەکدانانی نەکردووە؛ باس لەوەش دەکات هەر شێوازێکی بەڕێوەبردن، دەبێت لەسەر بنەمای کۆدەنگیی نیشتمانیی فەلەستینی بێ.
 
بزووتنەوە فەلەستینییەکە ئامادەیی خۆی بۆ دانوستاندن لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە نیشانداوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییەکانی پلانەکە.
 
بەگوێرەی حەماس، ئەو پرسانەی پێویستیان بە گفتوگۆی زیاترە بریتین لە مەرج و خشتەی کاتی کشانەوەی ئیسرائیل، وردەکارییەکانی ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراوان و دڵنیابوونەوە لە گەیشتی هاوکارییە مرۆییەکان. 
 
ترەمپ پێشوازی لە وەڵامەکەی حەماس کرد و گوتی، لە گفتوگۆکانی داهاتوودا "مامەڵەیەکی دادپەروەرانە" لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەکرێ.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمە رۆژێکی گەورەیە. دەبێت رێککەوتنی کۆتایی بچەسپێنین. چاوەڕێی ئەوە دەکەم بارمتەکان بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان بۆ لای دایک و باوکیان."
 
بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، "خۆیان بۆ جێبەجێکردنی دەستبەجێی" قۆناخی یەکەمی پلانی ترەمپ ئامادە دەکەن و دەڵێن، لە نزیکەوە لەگەڵ واشنتن کاردەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
 
پێشنیازەکە پشتیوانیی بەرفراوانی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا و هەر زوو وڵاتان پشتیوانییان لێی کرد. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە