مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان: پلانی ترەمپ دەرفەتێکە بۆ راگرتنی یەکجارەکیی کوشتار لە غەززە

04-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی شەممە رایگەیاند، پلانی ئاشتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ غەززە "دەرفەتێکی گرنگە" بۆ راگرتنی "یەکجارەکیی" خوێنڕشتن لە خاکی فەلەستین.
 
ترەمپ داوای لە ئیسرائیل، هاوپەیمانی سەرەکیی ئەمریکا کردووە، شەڕ لە کەرتی غەززە رابگرێت، لە کاتێکدا بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، ئامادەیە هەموو بارمتەکان ئازاد بکات و دەست بە گفتوگۆ بکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
 
نووسینگەی کۆمسیاری باڵای مافی مرۆڤ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، تورک هیوادارە کاریگەریی پلانی ئاشتیی سەرۆکی ئەمریکا "رێگە بۆ راگرتنی هەمیشەیی دووژمنکارییەکان خۆش بکات و دواتریش بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوەی بەدوادا بێت." هەروەها داوای چارەسەرێک دەکات "کە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و یاسا مرۆییەکان و چارەسەری دوو دەوڵەتیدا بگونجێت کە پێویستییەکی زۆرە."
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش پێشوازیی لە پلانەکە کرد، بەتایبەتی لە ئەگەری ئاوەدانکردنەوەی نەخۆشخانەکان.
 
تێدرۆس ئەدهانۆم گێبریسیۆس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لەم دوو ساڵەی رابردوودا، هیچ کاتێک هێندەی ئێستا لە مسۆگەرکردنی ئاشتییەوە نزیک نەبووینەتەوە. نابێت ئەم دەرفەتە لەدەست بدەین. ژیانی زۆر کەس لەدەستچووە و وێران بووە."
 
ئیسرائیل رۆژی شەممە رایگەیاند، سەربازەکانی هێشتا لە شاری غەززە ئۆپەراسیۆن دەکەن و هۆشداریی دایە دانیشتووان کە نەگەڕێنەوە، ئەمەش سەرەڕای داواکارییەکانی خێزانی بارمتە ئیسرائیلییەکان و ترەمپ بۆ راگرتنی دەستبەجێی شەڕ.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.