رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهـوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت حەماس چەک دابنێت و سوپای ئیسرائیل لە غەززە بمێنێتەوە.
نەتەنیاهوو ئێوارەی رۆژی شەممە گوتی، هیوادارە لە رۆژانی داهاتوودا هەموو ئەو بارمتانەی لە غەززە دەستبەسەرکراون، بگەڕێندرێنەوە.
نەتەنیاهـو لە گوتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند: "هیوادارم لە رۆژانی داهاتوودا، لە ماوەی پشووەکانی جەژنی سوکۆتدا، بتوانین هەموو بارمتەکانمان بگەڕێنینەوە." گوتیشی، "گوشاری سەربازی و دیپلۆماسی" حەماسی ناچار کردووە رەزامەندی لەسەر ئازادکردنی بارمتەکان بدات.
جەژنی سوکۆتی جووەکان رۆژی دووشەممە دەستپێدەکات و تاوەکو دووشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: "حەماس چەک دەکرێت. ئەمە یان بە دیپلۆماسی لە رێگەی پلانەکەی ترەمپەوە روودەدات، یانیش لە رێگەی سەربازی لە لایەن ئێمەوە."
هەروەها گوتی: "من ئەمەم بە واشنتن گوتووە. بە خۆشی بێت یان ناخۆشی، ئەم ئامانجە هەر بەدەست دێت."
ئەمە لە کاتێکدایە کە حەماس لە وەڵامە فەرمییەکەیدا بۆ پێشنیازی ترەمپ، رەزامەندیی خۆی بە گەڕاندنەوەی بارمتەکان و دەستبەردان لە بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە دەربڕی، بەڵام ئاماژەی بە چەکدادان نەکرد، کە خاڵێکی سەرەکیی پلانەکەیە.
بەرپرسێکی حەماس کە رۆڵی لە دامەزاندنی یەکینەکانی قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەکەدا هەبووە، ئەمڕۆ بۆ رووداوی پشتڕاست کردەوە کە چەک دانانێن.
تەیسیر سلێمان، ئەندامی سەرکردایەتیی حەماس لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 16ـی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشی کرد، گوتی: "هێڵی سووری حەماس ئەوەیە، نابێ بۆردوومان و کۆمەڵکوژی سەر غەززە بەردەوامن بن، پێویستە چەکی دەوڵەتی فەڵەستین بەرگری لە غەززە بکات".
تەیسیر سلێمان گوتیشی: "حەماس چەک بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی فەڵەستین بەکاردێنێت بۆیە ئامادەنین چەک دابنێن"، هۆکارەکەشی بۆ ساڵی 1982 گەڕاندەوە و رایگەیاند: " لە ساڵی 1982 کاتێک فەڵەستینیەکان چەکیان دانا، ئیسرائیل سەدان کەسی کوشت، لە ساڵانی دواتریش دەیان هەزار فەڵەستینی و لوبنانی لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژران".
هەروەها لە بارەی دانوستاندنەکانەوە، نەتەنیاهوو باسی لەوە کرد کە شاندێکی دانوستاندنکاری راسپاردووە بۆ ئەوەی بچنە میسر تاوەکو لەگەڵ حەماس گفتوگۆ لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان بکەن.
نەتەنیاهوو گوتی: "تیمی دانوستاندنکارم راسپاردووە بۆ ئەوەی بچنە میسر تاوەکو وردەکارییە تەکنیکییەکان تەواو بکەن. نیازەکە ئەوەیە کە دانوستاندنەکان لە چەند رۆژێک زیاتر نەخایەنن."
پێشتر بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت جەیرێد کوشنەر، زاوای ترەمپ لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا، دوایین وردەکارییەکانی ئازادکردنی بارمتەکان یەکلایی بکەنەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەو رێککەوتنە بکەن کە ترەمپ بۆ کۆتاییهێنانی جەنگ پێشنیازی کردووە.
میدیاکانی نزیک لە حکومەتی میسر بڵاویانکردەوە، بڕیارە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە، ئیسرائیل و حەماس لە قاهیرە لەبارەی گۆڕینەوەی دیل و بارمتەکان گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ بکەن.
ئەم گفتوگۆیانە دوای ئەوە دێن کە ترەمپ داوای لە ئیسرائیل کرد بۆردوومانکردنی غەززە رابگرێت، ئەمەش دوای ئەوەی حەماس رایگەیاند ئامادەیە هەموو بارمتەکان ئازاد بکات و دەست بە دانوستاندن بکات.
حەماس رۆژی هەینی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بزووتنەوەکە رەزامەندیی خۆی بۆ ئازادکردنی هەموو بارمتەکان — زیندوو و تەرمەکان — رادەگەیێنێت، بەپێی ئەو میکانزمی ئاڵوگۆڕکردنەی لە پێشنیازەکەی سەرۆک ترەمپدا هاتووە."
دواتر ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" نووسی: "بە پشتبەستن بەو راگەیێندراوەی کە حەماس تازە دەریکردووە، پێموایە ئەوان ئامادەن بۆ ئاشتییەکی بەردەوام. پێویستە ئیسرائیل دەستبەجێ بۆردوومانکردنی غەززە رابگرێت، بۆ ئەوەی بتوانین بارمتەکان بە سەلامەتی و بە خێرایی دەربهێنین!".
لەلایەکی دیکەوە، ئیسرائیل رۆژی شەممە هێرشی کوشندەی کردە سەرانسەری غەززە.
بە گوتەی محەممەد ئەبو سەلمیە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سەرەکیی شفای غەززە، لە بەرەبەیانی رۆژی شەممەوە لانیکەم 39 کەس کوژراون.
ئەبو سەلمیە گوتی، 34 کەس لە کوژراوەکان لە شاری غەززە بوون، کە لە هەفتەکانی رابردوودا هێزەکانی ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی ئاسمانی و زەوینییان کردووەتە سەر شارەکە.
محەممەد موغەییر، لە بەرگریی شارستانیی غەززە، کە فەرمانگەیەکی فریاگوزارییە، گوتی: "بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بە هەمان چڕی و شێواز بەردەوامە — هێرشی ئاسمانی، تۆپباران و تەقەی درۆن بەردەوامن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ