رووداو دیجیتاڵ
تەندروستی غەززە دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی لەو ناوچەیەی فەلەستین لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی ئیسرائیل کوژراون گەیشتووەتە 15 هەزار 899 کەس و 42 هەزار کەسیش بریندار بوون.
رۆژی دووشەممە، 4ـی کانوونی یەکەمی 2023، تەندروستی غەززە لە راگەیێندراوێکدا دوایین ئامارەکانی کوژراو و بریندارانی غەززەی بڵاوکردەوە و گوتی، ژمارەی ئەو کەسانەی کوژراون گەیشتووەتە 15 هەزار و 899 کەس و 70٪ـی ئەوانیش ژن و منداڵن.
تەندروستی غەززە ئاماژە بەوەش دەکات، هەر لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی ئیسرائیل 42 هەزار کەس لەو ناوچەیەی فەلەستین برینداربوون.
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 1.7 ملیۆن کەسیش لە نێو غەززە ئاوارە بوون کە دەکاتە زیاتر لە سێ چارەکی دانیشتووانەکەی و لەو ژمارەیەش 800 هەزاریان لە 154 شێڵتەر و کامپی سەرپەرشتیکراو لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە نیشتەجێکراون.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بەهۆی گەمارۆی ئیسرائیلەوە خەڵکی غەززە بەدەست کەمیی خۆراک، ئاو و پێداویستییەکانی دیکەوە دەناڵێنن.
پاسکال هەند، سەرۆکی چالاکییەکانی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە کەرتی غەززە دەڵێت، "خانووەکان، نەخۆشخانەکان و ژێرخانی دیکەی گرنگ بۆ زیندوومانەوەی خەڵکی سڤیل رووبەڕووی وێرانکاری گەورە بوونەتەوە. ئەو دۆخەی ئێستا هەیە بوار بە کاری مرۆیی کاریگەر نادات".

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە راگەیێندراوێکدا هۆشداریدا لەوەی دۆخی غەززە بەرەو خراپتر دەڕوات و گوتی، "باری مرۆیی غەززە بەرەو خراپتر دەڕوات".
لە حەوتی ئۆکتۆبەردا حەماس هێرشی کردە سەر ئۆردووگە جوونشینەکانی نزیک کەرتی غەززە و لانیکەم 1200 کەسی کوشت و لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل جەنگی دژی حەماس راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ