میدیای ئیسرائیل: یاسر ئەبو شەباب، فەرماندەی گرووپە چەکدارە هاوکارەکانی سوپای ئیسرائیل کوژرا

04-12-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ

میدیاکانی ئیسرائیل کوژرانی یاسر ئەبو شەباب، سەرکردەی ئەو گرووپە چەکدارانەیان راگەیاند کە لە کەرتی غەززە هاوکاریی سوپای ئیسرائیل دەکەن. سەرچاوە ئیسرائیلییەکانیش پشتڕاستیان کردەوە فەرماندەکە لە غەززە کوژراوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی کانوونی یەکەمی 2025، یاسر ئەبو شەباب، فەرماندەی ئەو هێزەی بە "هێزە میللییەکان" ناسراوە، لە باشووری کەرتی غەززە کوژرا. میدیاکانی ئیسرائیل هۆکاری کوژرانەکەیان بۆ "کێشەی نێوخۆیی" گەڕاندووەتەوە.
 
رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، ئەبو شەباب پێشتر هاوکاریی خۆی بۆ ئیسرائیل راگەیاندبوو و یەکەم گرووپی چەکداریی دژی حەماسی لە باشووری کەرتی غەززە دامەزراندبوو. بەگوێرەی رادیۆکە، ئەبو شەباب لەلایەن چەکداری نەناسراوەوە تەقەی لێکراوە و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن رووداوەکە پەیوەندیی بە "ململانێی نێوخۆییەوە" هەیە، بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بدات.
 
هەروەها کەناڵ 12ـی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئەبو شەباب دوای برینداربوونی گوێزراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سۆرۆکا لە بیئر سەبع و لەوێ بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
 
کەناڵەکە لە زاری بەرپرسێکی ئەمنیی ئیسرائیلییەوە گواستوویەتیەوە، زانیارییە بەردەستەکان تاوەکو ئێستا دەریدەخەن ئەوەی روویداوە "کێشەی نێوخۆیی نێوان عەشیرەتەکان" بووە و بەدووری زانی بزووتنەوەی حەماس لە پشت کردەوەکەوە بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە