وەزیرێکی ئیسرائیل داوای پچڕینی پەیوەندی لەگەڵ تورکیا دەکات؛ 'کارەسات و هەڕەشەی گەورەن'

دوێنێ کاژێر 09:15
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دیاسپۆرای ئیسرائیل دەڵێت، تورکیا دژایەتی تووندی وڵاتەکەی دەکات، هەربۆیە پێویستە پەیوەندییەکانیان لەگەڵی بپچڕێنن. ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، بەرپرسانی باڵای تورکیا رەخنەی تووند لە حکومەتی ئیسرائیل دەگرن لە بەرامبەر مامەڵەکردنی لەگەڵ زۆر پرس، وەک دۆخی غەززە و بۆردوومانەکانی لە سووریا.
 
ئەمیچای چیکڵی، وەزیری دیاسپۆرای ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە 04-01-2026 بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەسەر دوو بەرەی سوننەدا دابەشبووە. یەکێکیان سوننەی ئیسلامیی تووندڕۆیە کە قەتەر و جۆلانی و تورکیا دەگرێتەوە. ئەوەی دیکەشیان کراوەترە کە بەحرێن، مەغریب، ئیمارات و ژمارەیەک وڵاتی دیکە دەگرێتەوە."
 
ئەو وەزیرە ئیسرائیلیە رەخنەی لە مامەڵەی دەسەڵاتی تورکیا لە بەرامبەر کەسایەتییەکانی ئۆپۆزیسیۆن و رۆژنامەڤانان گرت و پێشبینی کرد، دۆخی ناوخۆی ئەو وڵاتە بە جۆرێک بێت کە خەڵک چیدیکە قبووڵی نەکات و کاردانەوەی هەبێت.
 
ئەمیچای چیکڵی ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل باڵیۆزخانەیەکی چالاکی لە ئەنقەرە نییە، "خەڵکەکەمان بەهۆی هەڕەشە و هاندانەکانەوە [لەوێ نەماون]؛ سەیری ئەوە بکەن کە هەر ئەمڕۆ روویدا، کۆنفرانسێکیان بۆ پاڵپشتی فەلەستین ساز کرد کە تێیدا خراپترین هاندانیان دژی دەوڵەتی ئیسرائیل کرد و نەتەنیاهوویان بە هیتلەر چواند."
 
وەزیرەکە جەختی لەوە کردەوە، ئەو زمانەی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر ئیسرائیل بەکاریدەهێنێت و ئەو مامەڵەیەی دەیکات، ئەوە دەخوازێت کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەنقەرە بپچڕێنن، بە هۆکاری ئەوەی وەک خۆی گوتی، تورکیا "وڵاتێکی دووژمنە."
 
ئەو وەزیرە ئیسرائیلییە رووی لە راوێژکارانی باڵای ئیدارەی ترەمپ کرد و گوتی، پێویستە بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ حکومەتەکانی تورکیا و سووریا بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، بوونی هێزی تورکیا لە غەززە قبووڵ ناکەن و رایگەیاند، کارێکی لەو جۆرە "دەبێتە کارەسات و هەڕەشەیەکی گەورە بۆسەر ئیسرائیل، چونکە سوپای ئیسرائیل و هێزەکانی تورکیا بەرامبەر یەک دادەنێت و رەنگە بەهۆی لێکتێنەگەیشتنێکی بچووکەوە جەنگێکی گەورە هەڵبگیرسێت."
 
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، بەرپرسانی باڵای تورکیا رەخنەی تووند لە حکومەتی ئیسرائیل لە بەرامبەر سیاسەتەکانی دەگرێ و لە نوێترین هەڵوێستدا ئەردۆغان رۆژی هەینی نەتەنیاهووی بە فیرعەون چواند و گوتی: "ئەو فیرعەونەی پێی دەگوترێت نەتەنیاهوو، ئەوەی کردوویەتی بۆی ناچێتە سەر، چونکە ئاهوناڵەی زۆر كه‌سی سته‌مدیده‌ی ته‌مه‌ن حه‌وت ساڵ بۆ 70 ساڵ دەیگرێ. دۆخی ئەو منداڵانەی لەنێو با و باران و قوڕدان، لەنێو ئەو خێوەتانەی کە لە هەموو شتێک دەچن جگە لە خێوەت‌، بێگومان ئاهوناڵەیان بۆ نەتەنیاهوو بێ سزا تێناپەڕێ. ئێمە هەموو شتێک دەکەین کە لە تواناماندا بێ، بەڵام چونکە ئەو رێگە نادات، ناتوانین کۆنتێنەر بنێرین. زوو یان درەنگ ئەو ستەملێکراوانە لەم ناخۆشییە رزگار دەکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

نەتەنیاهوو لەڕێگەی پووتینەوە پەیامێک بۆ ئێران دەنێرێت

دەستەی پەخشی نیشتمانی ئیسرائیل، بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی ئاگادار رایگەیاند، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە رێگەی کەناڵێکی نهێنییەوە پەیامێکی روونی بۆ بەرپرسانی ئێران ناردووە و تێیدا جەختی کردووەتەوە کە ئیسرائیل لەم کاتەدا خوازیاری زیادبوونی گرژییەکان نییە لە ناوچەکەدا و هیچ نیازێکی بۆ دەستپێکردنی هێرشی سەربازی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە.