رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، رێگە بە تاران نادەن بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکەی نوێ بکاتەوە و هۆشداریش دەدات "ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر، دەرەنجامەکانی بۆ ئێران زۆر سەخت دەبن." هاوکات پشتیوانیی خۆی بۆ خۆپێشاندەرانی ئێران دەردەبڕێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 5-1-2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە دانیشتنی پەرلەمانی وڵاتەکەی (کنێست) رایگەیاند: "ئێمە رێگە نادەین ئێران پیشەسازیی مووشەکیی بالیستی بونیاد بنێتەوە و بە دڵنیاییەوە رێگە نادەین بەرنامە ئەتۆمییەکەی نوێ بکاتەوە کە زیانێکی زۆرمان پێگەیاندووە."
ئەم هۆشدارییەی نەتەنیاهوو دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی "لەناوبردن"ی پڕۆگرامی ئەتۆمی و مووشەکیی ئێرانی کرد ئەگەر هەوڵی نوێکردنەوەی بدەن.
ترەمپ گوتی: "هیوادارم هەوڵی بنیاتنانەوە نەدەن، چونکە ئەگەر وا بکەن، هیچ بژارەیەکی دیکەمان نابێت جگە لەوەی زۆر بە خێرایی لەناوی ببەین." ئاماژەی بەوەش کرد کە وەڵامی داهاتووی ئەمریکا "رەنگە لە جاری رابردوو بەهێزتر بێت."
لە مانگەکانی رابردوودا، میدیای ئیسرائیل نیگەرانییان دەربڕیوە لەوەی تاران خەریکی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی جبەخانەی مووشەکییەتی، دوای ئەوەی لە کاتی "جەنگی 12 رۆژەی مانگی حوزەیران"ـدا گورزی گەورەی بەرکەوت.
بەگوتەی ترەمپ، ئێران بەدوای شوێنی نوێی ئەتۆمیدا دەگەڕێت بۆ جێگرەوەی ئەوانەی لە جەنگەکەدا کرانە ئامانج، هەرچەندە پێیوایە تاران هێشتا ئارەزووی رێککەوتن دەکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نەتەنیاهوو باسی لە دۆخی نێوخۆی ئێران کرد و خۆپێشاندانەکانی بە "زۆر فراوان" وەسف کرد.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: "زۆر ئەگەر هەیە کە ئێمە لە ساتێکی یەکلاکەرەوەدا بین – ساتێک کە گەلی ئێران چارەنووسی خۆیان بگرنە دەست.
خۆپیشاندانەکان لە ئێران لە 28ی کانوونی یەکەمەوە دەستیان پێکرد، کاتێک دووکاندارانی تاران لە دژی گرانیی نرخەکان و چەقبەستوویی ئابووری مانیان گرت. لەو کاتەوە خۆپیشاندانەکان بۆ شارەکانی دیکە پەرەی سەندووە.
دوێنێ، نەتەنیاهوو لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیراندا رایگەیاند: "ئێمە هاوسۆزی خەباتی گەلی ئێران و خواستەکانیانین بۆ ئازادی و دادپەروەری."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ