رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو گەنج کە بران بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستدا. رێکخراوێکی مافی مرۆڤ دەڵێت، هێشتا تەرمەکانیان رادەستی خێزانەکانیان نەکراونەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 5-1-2026، ئاژانسی هەواڵی کوردپا بڵاویکردەوە، لە گەڕەکی (جافرئاوا)ـی شاری کرماشان هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە دوو برا کردووە بەناوەکانی (رەسوول کدیوەریان و رەزا کدیوەریان) و هەردووکیان گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، رەسوول کدیوەریان، تەمەن 17 ساڵ دوای ئەوەی تەقەی لێکراوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. هەروەها رەزا کدیوەریان، تەمەن 20 ساڵ دوای برینداربوونی کەوتووەتە دۆخی کۆماوە و شەوی یەکشەممە لە نەخۆشخانەی تاڵەقانی گیانی سپاردووە.
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و گرانییەوە، لە ئێوارەی 28-12-2025ـەوە شەپۆلێکی مانگرتن و خۆپێشاندان لە تارانەوە دەستیپێکرد و ئێستا 60 شاری لە 25 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گرتووەتەوە.
بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تاوەکو ئێستا 24 خۆپێشاندەر کوژراون، کە 20 کەسیان هاونیشتمانیی رۆژهەڵاتی کوردستانن. هەروەها لەو ماوەیەدا زیاتر لە 700 هاووڵاتی لە سەرجەم شارەکانی ئێران دەستگیر کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ