رووداو دیجیتاڵ
دەستەی پەخشی نیشتمانی ئیسرائیل، بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی ئاگادار رایگەیاند، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە رێگەی کەناڵێکی نهێنییەوە پەیامێکی روونی بۆ بەرپرسانی ئێران ناردووە و تێیدا جەختی کردووەتەوە کە ئیسرائیل لەم کاتەدا خوازیاری زیادبوونی گرژییەکان نییە لە ناوچەکەدا و هیچ نیازێکی بۆ دەستپێکردنی هێرشی سەربازی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە.
بەگوێرەی راپۆرتێک کە دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، پەیامەکە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا و لەڕێگەی ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیاوە گەیێندراوەتە تاران. ئەمەش دوای ئەوە دێت، نەتەنیاهوو چەندین جار بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ پووتین کردووە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە، بەتایبەتی گرژییەکانی نێوان تەلئەڤیڤ و تاران.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش روون کراوەتەوە ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی تاران لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنێکی هەڵەدا و بەهۆی ترس لە ئەگەری نزیکبوونەوەی هێرشێکی ئیسرائیل، رەنگە هەڵەیەک بکات و دەستپێشخەری بکات لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل. بۆیە، ئامانجی سەرەکیی پەیامەکەی نەتەنیاهوو رێگری بووە لەم سیناریۆیە.
رۆژی دووشەممە 5-1-2026، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە دانیشتنی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) رایگەیاند: "ئێمە رێگە نادەین ئێران پیشەسازیی مووشەکیی بالیستی بونیاد بنێتەوە و بە دڵنیاییەوە رێگە نادەین بەرنامە ئەتۆمییەکەی نوێ بکاتەوە کە زیانێکی زۆرمان پێگەیاندووە."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل راشیگەیاند، هەر هێرشێکی ئێران "دەرەنجامی قورسی" دەبێت.
ئەم هۆشدارییەی نەتەنیاهوو دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی "لەناوبردن"ی پڕۆگرامی ئەتۆمی و مووشەکیی ئێرانی کرد ئەگەر هەوڵی نوێکردنەوەی بدەن.
ترەمپ گوتی: "هیوادارم هەوڵی بونیادنانەوە نەدەن، چونکە ئەگەر وا بکەن، هیچ بژارەیەکی دیکەمان نابێت جگە لەوەی زۆر بە خێرایی لەناوی ببەین." ئاماژەی بەوەش کرد کە وەڵامی داهاتووی ئەمریکا "رەنگە لە جاری رابردوو بەهێزتر بێت."
لە مانگەکانی رابردوودا، میدیای ئیسرائیل نیگەرانییان دەربڕیوە لەوەی تاران خەریکی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی جبەخانەی مووشەکییەتی، دوای ئەوەی لە کاتی "جەنگی 12 رۆژەی مانگی حوزەیران"ـدا گورزی گەورەی بەرکەوت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نەتەنیاهوو باسی لە دۆخی نێوخۆی ئێران کرد و خۆپێشاندانەکانی بە "زۆر فراوان" وەسف کرد. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: "زۆر ئەگەر هەیە کە ئێمە لە ساتێکی یەکلاکەرەوەدا بین، ساتێک کە گەلی ئێران چارەنووسی خۆیان بگرنە دەست.
خۆپیشاندانەکان لە ئێران لە 28ی کانوونی یەکەمەوە دەستیانپێکرد، کاتێک دووکاندارانی تاران لە دژی گرانیی نرخەکان و چەقبەستوویی ئابووری مانیان گرت. لەو کاتەوە خۆپیشاندانەکان بۆ شارەکانی دیکە پەرەی سەندووە.
دوێنێ، نەتەنیاهوو لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیراندا رایگەیاند: "ئێمە هاوسۆزی خەباتی گەلی ئێران و خواستەکانیانین بۆ ئازادی و دادپەروەری."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ