رووداو دیجیتاڵ
هێڵی ئاسمانی عێراقییە رایدەگەیێنێت لە مانگی شوباتدا زیاتر لە 65 هەزار عومرەکاری لە عێراق بۆ سعودیە و بە پێچەوانەوە گواستووەتەوە.
کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراقییە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "مانگی شوبات هێڵی ئاسمانیی عێراقییە 65 هەزار و 834 عومرەکاری لە رێگەی 460 گەشتی ئاسمانییەوە بۆ سعودیە گواستووەتەوە و گەڕاندووەتەوە."
کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، کۆمپانیایەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقە، لە 1945 دامەزراوە.
هێڵەکە گەشتی بۆ زیاتر لە 40 وڵات هەیە کە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاسیا، ئەفریقا و ئەوروپان.
کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقییە دان بەوەدادەنێت کە هەندێک لە گەشتەکانیان دواکەوتوون، ئەوەش "بەهۆی قەرەباڵخیی زۆرەوە بووە، کە یەکەم جارە کۆمپانیاکە ئەو ژمارە زۆرە لە ماوەی مانگێک دەگوازێتەوە، بۆیە داوای لێبووردن لە میوانانی ماڵی خودا دەکەین، جارێکی دیکە لە داهاتوودا ئەمە دووبارە نابێتەوە".
لە عێراق و هەرێمی کوردستان شەش فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتی هەن، پێکهاتوون لە فڕۆکەخانەکانى: بەغدا، هەولێر، سلێمانى، کەرکووک، نەجەف و بەسرە.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، باڵاترین دەسەڵاتی بەرپرس بووە لە چاودێریی ئاسمانی عێراق و مۆڵەتدان بە تیمی فڕۆکەوانی، رێگەدان بە نیشتنەوە و فڕینی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەکانی عێراق.
بەڵام 12ـی شوباتی 2024 دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق بە فەرمی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکانی رادەستی وەزارەتی گواستنەوە کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ