سوپاسالاری نوێی ئیسرائیل: هێشتا کارمان لەگەڵ حەماس تەواو نەبووە

05-03-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سوپاسالاری نوێی ئیسرائیل دەڵێت، ئەرکی وڵاتەکەی بۆ بەزاندنی بزووتنەوەی حەماس هێشتا تەواو نەبووە. نەتەنیاهووش دەڵێت، بڕیاریانداوە حەماس لەنێوبەرن.
 
رۆژی چوارشەممە 05-03-2025 ئێیال زەمیر، سوپاسالاری نوێی ئیسرائیل سوێندی یاسایی خوارد و ئەرکە نوێیەکەی پێ سپێردرا. رێوڕەسمەکە لە بارەگایەکی سەربازیی تەلئەڤیڤ بەڕێوەچوو. 
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەوێ گوتی: "ئیسرائیل بڕیاریداوە لەو جەنگە فرەبەرەیە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، کە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 لەگەڵ هێرشی حەماس دەستیپێکرد."
 
ئەو قسانە دوای ئەوە هاتن، کە رۆژی سێشەممە ئەندامانی کۆمکاری عەرەبی لە قاهیرە لەسەر پرسی غەززە کۆبوونەوە. وڵاتە عەرەبییەکان پشتیوانییان لە پلانێک کرد، کە غەززە لە ژێر ئیدارەی داهاتووی دەسەڵاتی فەلەستین ئاوەدان بکرێتەوە، هەروەها جێگرەوەیەک بێت بۆ پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە داوایکردبوو، خەڵکی غەززە رابگوازرێن بۆ وڵاتانی دیکەی وەکو ئوردن و میسر.
 
ئیسرائیل دەڵێت، بە هەموو جۆرێک رێگە لە بزووتنەوەی حەماس دەگرێت کە دووبارە غەززە بەڕێوەببات. حەماس لە 2007ـەوە بە هەڵبژاردن حکومی غەززەی کەوتەدەست.
 
زەمیر گوتی: "بێگومان حەماس گورزێکی گەورەی بەرکەوتووە، بەڵام هێشتا نەبەزاوە. بۆیە هێشتا ئەرکی ئێمە بەرامبەر ئەوان تەواو نەبووە." 
 
ئەمە لە کاتێکدایە، قۆناخی یەکەمی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس کۆتایی پێهاتووە، هیچ ترووسکاییەکیش بۆ دەستپێکردنی قۆناخی دووەم دیار نییە.
 
زەمیر لە شوێنی هێرزی هەلێڤی دەستبەکاربوو؛ هەلێڤی لە مانگی یەکی ئەم ساڵ بەهۆی شکستی سوپاکەیان لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی حەماس دەستی لەکار کێشایەوە.
 
سوپای ئیسرائیل لە لێکۆڵینەوەکانی ئەو رووداوە رایگەیاند، "بە تەواوی شکست"ـیان هێناوە لەوەی رێگە لەو هێرشە بگرن.
 
هێرشەکەی حەماس بووە هۆی کوژرانی هەزار و 218 کەس لە ئیسرائیل، کە زۆربەیان سڤیل بوون. ئیسرائیل لە وەڵامدا جەنگی راگەیاند و بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، تاوەکو ئێستا 48 هەزار و 405 کەس کوژراون کە زۆربەیان سڤیل، ژن و منداڵن.
 
'پلانی وڵاتانی عەرەبی'
 
جەنگەکەی غەززە کەرتەکەی لە نێو داروپەردوو  دا ون کردووە و قەیرانێکی گەورەی مرۆیی دروستکردووە.
 
لە لووتکەکەی رۆژی سێشەممەی کۆمکاری عەرەبیدا، پلانێکی گشتگیر بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی غەززە پەسندکرا. کۆمکارەکە داوایانکرد پلانەکە لەلایەنێکی متمانەپێکراوەوە پارەدار بکرێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتیوانیی خۆیان دەربڕن.
 
بەگوێرەی رەشنووسێکی پلانەکە، نەخشەڕێگەیەکی پێنج ساڵە بە بڕی 53 ملیار دۆلار دانراوە، کە نزیکە لەو بڕەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی غەززە پێشبینی کردبوو. هەرچەندە ئەو ژمارەیە لە دوایین راگەیێنراوی لووتکەکە ئاماژەی پێنەدرا.
 
لە رەشنووسەکە هاتووە: "ئەو هەوڵانە هاوشانی دەستپێکردنی رێگەیەکی نوێی سیاسییە بۆ بە دەوڵەتبوونی فەلەستین،" کە سەرکردەکانی ئیسرائیل دژی بوون.
 
لووتکەکە هەروەها داوای لە نوێنەرایەتیی فەلەستین کرد لە ژێر رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین (PLO) یەکگرتوو بن. رێکخراوەکە وەکو چەترێک وایە و سەر بە دەسەڵاتی فەلەستینە؛ ئەمە جووڵەیەکە کە وا دەکات حەماسی ئیسلامی پەراوێز بخات، چونکە ئەندامی رێکخراوەکە نییە.
 
ئەم پلانە عەرەبییە وەڵامێکی راستەوخۆی ئەو پێشنیازەیە کە مانگی رابردوو ترەمپ خستیەڕوو. ترەمپ گوتی، ئەمریکا دەست بەسەر غەززە دادەگرێت و  خەڵکەکەی رادەگوازێت؛ ئەمەش وایکرد دەنگی ناڕەزایەتییەکی زۆر لە جیهانی ئیسلامی، عەرەبی و تەنانەت رۆژئاواش بەرزبێتەوە.
 
هیو لۆڤات، توێژەر لە پرۆگرامی رۆژ‌هەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە ئەنجوومەنی ئەورووپی بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە گوتی: "پلانە نوێیەکە لە پلانەکەی ئەمریکا باشترە. پلانە نوێیەکە راستی ترە و جێبەجێکردنیشی ئاسانترە، بەراورد بە پێشنیازەکەی ترەمپ."
 
بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر گوتی، پلانەکە داوای پشتگیری لە نەتەوە موسڵمانەکان دەکات و لە لووتکەی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی (OIC)ـی وەزیرانی دەرەوە لە جەددە لە رۆژی هەینی 7ـی ئەم مانگە دەخرێتەڕوو.
 
 'چەقبەستنی ئاگربەست'
 
مانگی پێشوو قۆناخی یەکەمی ئاگربەستی غەززە تەواو بوو، کە شەش هەفتە ئارامی بە کەرتەکە بەخشی و چەند گەڕێکی ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراوی بەخۆیەوە بینی. 
 
هەرچەندە ئیسرائیل گوتی، دەیەوێت ئاگربەستەکە تاوەکو نیوەی مانگی نیسان درێژبکاتەوە، بەڵام حەماس پێداگربوو لەسەر ئەوەی بچنە قۆناخی دووەم، کە ئەویش بریتییە لە راگرتنی یەکجارەکیی جەنگ.
 
لەو 251 بارمتەیەی حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 رفاندنی، 58ـیان هێشتا لە غەززە ماون، سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، 34ـیان کوژراون.
 
لەماوەی جەنگە 15 مانگییەکە، نەتەنیاهوو لەلایەن خێزان و کەسوکاری بارمتەکانەوە گوشاری زۆری لێکرا بۆ ئەوەی لەگەڵ بزووتنەوە چەکدارییەکەی غەززە بگاتە رێککەوتن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە