رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەڤانێکی بەنێوبانگی تورک راگەیاند، ئامادەکاری یاسایی و دانوستاندنی نهێنی لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا نەکراوە. دەشڵێت، بانگەوازەکەی ئۆجەلان تەنیا بۆ پەکەکە نییە، یەپەگەش دەگرێتەوە. پێشی وانییە مەزڵووم عەبدی یاخی بێت و بەدەم بانگەوازەکەی ئۆجەلانەوە نەچێت.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 5ـی ئاداری 2025) ناگەهان ئاڵچی، خانمە رۆژنامەڤانی بەناوبانگی تورک، میوانی بوڵتەنی کاژێر 11:00ـی رووداو بوو. لەگەڵ هێڤیدار زانا گفتوگۆیان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و هەنگاوەکانی کرد.
پرۆسەکەی ئەمجارە گشتگیرە
ناگەهان ئاڵچی، پێیوایە ئامادەکارییەک بۆ وەڵامی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەیە. پێش بانگەوازەکەش، بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی بەکردنەوەی دەرگەکان، حکومەت و دەوڵەت ئامادەکارییان هەبووە. ئەمجارە حکومەت و دەوڵەت لەم پرسەدا بەشدارن.
ئەو رۆژنامەڤانە گوتی، جیاوازیی پرۆسەی یەکەم (2013) لەگەڵ پرۆسەی دووەم (ئێستا)، ئەوەیە؛ ئەمجارە بەشێکی زۆری ئۆپۆزیسیۆن بەگشتیی و گەورەترین ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا بەتایبەتی پشتیوانی لە پرۆسەکە دەکەن. لەمەش گرنگتر، دەوڵەت پێیوایە ئەم پرسە یەکێکە لەو ئامانجانەی پێویستە بەدیبێت. هاوکات فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمانیش پشتیوانی پرۆسەکەن "ئەمەش رێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەی هەنگاوی زیاتری بۆ بنرێت."
پرۆسەی ئەمجارە لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی رابردوو بە تەوقەیەکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە پەرلەمان لەگەڵ پەرلەمانتارانی دەم پارتی دەستیپێکرد و کۆتایی مانگی رابردوو، بانگەوازی ئۆجەلانی بۆ چەکدانانی پەکەکە و خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتەکەی بەدوادا هات.
ناگەهان ئاڵچی دەڵێت "دەستپێکردنەوەی دیدار و کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان قۆناخی دووەمی پرۆسەکە دەبێت. دوای ئەمەش قۆناخی سێیەمیش دەستپێدەکات. دەوڵەت لەم قۆناخەدا بایەخی زۆر بە تورکیایەکی بێ تیرۆر دەدات و داوای چەکدانان لە پەکەکە دەکات، بۆ ئەوەی چیدی خاوەنی ئەم چەکە نەبن. بە واتایەکی دیکە، چەکەکان لەنێودەبات و دواتر ئاشتییەکی هەمیشەیی بەدی دەکرێت. دوای ئەمە، دەوڵەت لە کەشێکی پڕ ئاشتی، دەست بە دیدار و دانوستاندنەکان دەکات."
ئەو رۆژنامەڤانە ئاماژەی بەوەدا؛ پرۆسەکە جگە لەوەی پاڵپشتیکاری زۆرن، نەیاریشی هەن. ئاڵچی گوتی: لە تورکیا گرووپێک هەن پرۆسەکە بەلاڕێدا دەبەن و دەڵێن، پێشتر ئامادەکاریی یاسایی بۆ ئەم بابەتە کراوە و بەنهێنی دانوستاندن و دیالۆگ هەبووە، پێشتر هەموو شتێکیان بڕاندووەتەوە و کۆتاییان پێهێناوە، ئەوەی ئێستا دەکرێت، تەنیا سیناریۆیە."
ناگەهان ئاڵچی کە بە گوتەی خۆی لە نزیکەوە ئاگاداری هەموو پێشهاتەکانی پرۆسەکەیە، گوتی "نەمزانیوە پێشتر ئامادەکاریی یاسایی بۆ پرۆسەکە کرابێت. تەنانەت سری سورەییا ئۆندەر، کە ئەندامی شاندی ئیمراڵییە و بەشێکە لە پرۆسەکە، چەند رۆژێک پێش ئێستا لە کەناڵێکی تەلەڤزیۆنیدا باسی لەوە کرد، تائێستا دەوڵەت هیچ جۆرە هەنگاوێکی نەناوە، هیچ جۆرە ئامادەکارییەکی یاسایی پێشوەختە نەبووە و دانوستاندن و دیداری نهێنیش لەئارادانییە."
رۆڵی هەرێمی کوردستان لە سەرخستنی پرۆسەکە
ئەم خانمە رۆژنامەڤانە پێیوایە؛ هەندێک زانیاریی هەن زووە بۆ رای گشتیی ئاشکرا بکرێت، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەشێوەیەکی دروست بەڕێوەبچێت. بۆ نموونە بەپێی هەندێک زانیاری کە پێیگەیشتوون، لە دوو/سێ مانگی داهاتوودا، ئەندامان و کادیرانی (پەکەکە) لە تورکیا بەرەو هەرێمی کوردستان دەکشێنەوە و دەسەڵاتداران و حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆڵ دەگێڕن بۆ ئەوانەی لە چیاکان دێنەخوارەوە بەرەو ئاوەدانی."
ناگەهان ئاڵچی گوتی "هەنگاوی یەکەم، چەکدارەکانیان (گەریلا) لە تورکیا دەکشێنەوە. هەنگاوەکانی دواتر پرۆسەی چارەسەری چەند قۆناخێکی پێویستە. یەکەمیان دانانی چەکە، دووەمیان (پەکەکە) بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی، دەبێ کۆنگرە بکات و هەڵبووەشێتەوە. دواتر چەکەکان لەنێودەبرێن. بە لەنێوبردنی چەکەکانیش نەخشەڕێگەی دەستکردن بە پرۆسەی سڤیل و مەدەنی دەستپێدەکات."
سەبارەت بە ئاییندەی گەریلاکان، ئەو رۆژنامەڤانە گوتی "مەرج نییە تەنیا لەنێو کەمپێکدا کۆبکرێنەوە، بەڵکو هەوڵدەدرێت بگەڕێنەوە ژیانێکی سڤیل و ئاشتکردنەوە و ئاوێتەکردن بە کۆمەڵگە."
ئەو رۆژنامەڤانە، وردەکاریی زیاتری لەبارەی پرۆسەکە باسکرد و گوتی "پرۆسەکە ئەمجارە زۆر بەوردی کاری لەسەر دەکرێت. بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی تورکی دوودڵ نەبن و هیچ جۆرە نیگەرانییەکیان نەبێت و بەوپەڕی قەناعەتەوە پشتیوانیی لێ بکەن. لەبەرامبەردا کورد هەست بە دۆڕاندن و شکست نەکەن بەوەی بڵێن ئێمە چەندین ساڵە چاومان لە جێبەجێکردنی مافە بنچینەییەکانمانە، بەڵام سەرباری هەموو شتێک، جێبەجێ ناکرێت. نابێ کورد هەست بە ستەم بکات، نابێ هەست بە نائومێدی بکات."
سەبارەت بە چارەنووسی فەرماندەکانی پەکەکە، کە بەشی زۆریان لە لیستی سووری تورکیادان. ناگەهان ئاڵچی گوتی، "بەرپرسە باڵاکانی قەندیل کە چەند ناوێکن، ئەمانە بەهیچ شێوەیەک ناگەڕێنەوە تورکیا. تەنانەت دەوڵەتی تورکیا، رای گشتیی و کۆمەڵگەش ئەمە قبووڵ ناکات. رەنگە وڵاتی سێیەم هەڵبژێرن و لەوێ ببنە پەنابەر. ئایا دەچنە وڵاتێکی ئەورووپی یان لە عێراق دەمێننەوە؟ ئەم پرسە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرانی پەکەکە دادەنیشن و یەکلایی دەکەنەوە."
هەڵوێست و پشتیوانی باخچەلی پرۆسەکە پێش دەخات
خانمە رۆژنامەڤانەکە پێیوانییە دەوڵەت باخچەلی لە هەڵوێستەکەی پاشگەز ببێتەوە، هەروەها پرسەکە تەنیا پەیوەست نابێت بە دەوڵەت باخچەلییەوە، بەڵام ئەگەر ئەم هەنگاوانە نرا دەوڵەت باخچەلی هەڵوێستی بەهێزتر دەبێت و دەرفەتی ژێردەستی زۆر بە تواناتر دەبێت.
ناگەهان ئاڵچی گوتی: "پێشتر دەوڵەت باخچەلی بەربەستی گەورە و ئاڵنگاری هەرە مەترسیداری پرۆسەی یەکەم بوو. کەچی ئێستا هەر ئەو دەوڵەت باخچەلییەیە کە دەستپێشخەریی کرد و دەرفەتی پرۆسەی دووەمی هێنایەکایەوە، چونکە خۆی لەم پرۆسەیەدا کاریگەریترین سیاسەتڤانە. هەرچی ئەردۆغانە باجی زۆر قورسی دا لە دەستپێکردنی پرۆسەی یەکەم و ئێستاش لە پشتیوانیکردنی بۆ پرۆسەی دووەم ترسی زۆری لەسەرە. بۆیە کەمترین قسەی لە بارەیەوە کردووە. دەوڵەت باخچەلی لە پلانی یەکەمی ئەم پرۆسەیەدایە و دەوڵەت و حکومەتیش لە پاشخانی دووەمدا دێن و پشتیوانی لە پرۆسەکە دەکەن."
پەرلەمانی تورکیا هۆکارێکی شکستی پرۆسەی یەکەم بوو
پرۆسەی یەکەم کە ناوی پرۆسەی ئاشتی بوو، هەنگاوی باشی بڕی، بەڵام دواجار شکستێکی گەورەی هێنا تەنانەت شەڕی کۆڵان بە کۆڵانی لەنێوان پەکەکە و سوپای تورکیای لە شارەکانی باکووری کوردستان لێکەوتەوە.
ناگەهان دەڵێت "یەکێک لە هۆکارەکانی شکستی پرۆسەی یەکەم، پەرلەمانی تورکیا لە دەرەوەی هاوکێشەکە بوو، ئێستاش پەند وەرگیرا لەم هەڵەیە. بۆیە شاندی ئیمرالی دەم پارتی سەرەتا لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانەوە دەستیان پێکرد و پرسیان بە زۆربەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کرد. ئەمجارەش لەگەڵ فراکسیۆنەکان دەست بە گەڕێکی نوێ دەکەنەوە بۆ سەرخستنی دانوستاندنەکان. پێدەچێت دوای ئەم قۆناخە لیژنەی کار دابمەزرێت.''
دەمیرتاش ئازاد دەکرێت و بەشداری کارای لە پرۆسەکە دەبێت
ناگەهان ئاڵچی گوتی "لەبارەی سیاسەتڤانەکانی دیکە زانیاریم نییە، بەڵام بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش هەم بڕیاری دادگەی باڵای دەستوور و دادگەی مافەکانی مرۆڤی یەکێتیی ئەورووپا هەیە بۆ ئازادکردنی. پێویستە دەمیرتاش ئازاد بکرێت، هەر لە سەرەتای دادگەییکردنیشییەوە وەک رۆژنامەڤانێک دووپاتمکردەوە کە پێویستە دەمیرتاش ئازاد بکرێت. پێموایە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەمیرتاش ئازاد دەکرێت. ئەمەش بڕیارە دروستەکەیە."
راشیگەیاند، دەمیرتاش ئازاد بکرێت، بە کارایی بەشداری لە پرۆسەکە دەکات. ئەمەش هەنگاوێکی زۆر باش دەبێت و پرۆسەکە خێراتر و دروستتر دەبێت بەهۆی ئەوەی ئەزموونی زۆر باشی هەیە.
بانگەوازەکەی ئۆجەلان یەپەگە-ش دەگرێتەوە
هەرچەندە ئۆجەلان لە بانگەوازەکەیدا تەنیا ناوی پەکەکەی هێنا، بەڵام ئەم خانمە رۆژنامەڤانە پێیوایە کۆمەڵگەی تورکیا قبووڵی ناکات یەپەگە بەدەر بێت لەم پرۆسەیە.
ئاڵچی گوتی: "بەڵام دۆخی یەپەگە جیاوازە لە پەکەکە، ئەو هەنگاوانەی بۆ پەکەکە دەنرێت زۆر جیاواز دەبن لەو هەنگاوانەی بۆ یەپەگە دەنرێت. ئەوان پێگەیان جیاوازە. ئەوەی مایەی بایەخە؛ سری سورەییا ئۆندەر رایگەیاند، پرۆسەکە یەپەگە-ش دەگرێتەوە بۆ ئەم مەبەستەش سری سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی رۆژئاوا دەکەن."
ئەو خانمە رۆژنامەڤانە هەروەها گوتی "بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان تەنیا بۆ پەکەکە نەبووە، بەڵکو زۆر روونە کە لەگەڵ هەموو هاوبەشەکانی دیکەشیانە. هەروەها لە سووریا پێشهاتێکی نوێ لە ئارادایە بە هاتنی ئەحمەد شەرع، دەکرێ یەپەگە لەگەڵ ئەحمەد شەرع لەبارەی زۆر شتەوە رێککەون. لەبارەی چۆنیێتی بەڕێوەبردنی سووریای نوێ و بەشداریکردنیان لە سوپای نوێی سووریا و دەکرێ پێگەیان خۆیان لە سووریای نوێ بەهێزتر و کاراتر بکەن."
"مەزڵووم عەبدی یاخی نابێت"
ئایا هەسەدە پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبێت؟ ناگەهان ئاڵچی لەو بارەیەوە دەڵێت: "بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و دانانی چەک، ئیدی یەپەگە-ش لە ژێر سێبەری پەکەکە دەردەچێت و دەچێتە نێو قاڵبێکی نوێوە و بەمەش چیدی نابێتە هەڕەشە بۆ تورکیا. پێموایە مەزڵووم عەبدی کەسێکە پابەندە بە عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە و کەسێک نییە یاخی بێت و دژی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێت."
هەروەها دەڵێت: "ئەگەر یەپەگە بەشدار بێت لە دەسەڵاتی نوێی سووریا کێشە نامێنێت، چونکە تورکیا تاکە نیگەرانیی لە یەپەگە ئەوەیە کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی. ئەگەر لەگەڵ سووریای نوێ ئاوێتە بکرێت، ئەوسا لە پێگەی هەڕەشەکاری دەردەچێت و تورکیاش ئەم نیگەرانییەی نامێنێت. "
ئایا ئۆجەلان ئازاد دەکرێت؟
سەبارەت بە پرسی ئازادبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و مافی هیوا. ناگەهان ئاڵچی دەڵێت: "سەرەتا دەبێ پەکەکە هەڵبوەشێتەوە و لە رۆژەڤی تورکیا بۆ هەتاهەتایە نەمێنێت و دەبێ تورکیا بگاتە قەناعەتێکی تەواو بەوەی تیرۆری پەکەکە چیدی هەڕەشە نییە و چەکەکان لەناوبران. دواتر هەموو شتێک قسەی لەبارەیەوە دەکرێت. بەڵام دەرچوونی ئۆجەلان لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی ئیمراڵی و پرسی ئازادبوونی، کارێک نییە بە شەو و رۆژێک بکرێت. هەروەها پرۆسەیەکی ئاسان نییە، بەڵکو درێژخایەن دەبێت. چونکە رووداوی زۆری بەدواوەیە و دەبێ زۆر بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەش بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ