رووداو دیجیتاڵ
لە شەشەمین رۆژی جەنگی نێوان ئێران و هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، رۆژهەڵاتی کوردستان رووبەڕووی شەپۆلێکی چڕی بۆردوومان بووەتەوە؛ بنکە سەربازییەکانی سوپای پاسداران، ئەرتەش، ناوەندە ئەمنییەکان و باڵەخانە حکومییەکان لە زۆربەی شارەکان کراونەتە ئامانج.
لە شەوی چوارشەممەوە تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 04-03-2026، هێرش و بۆردوومانی بنکە سەربازی و ئەمنییەکان و ناوەندە حکومەییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بوو.
لە هەر پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان (ورمێ، سنە، ئیلام، کرماشان و لوڕستان) چەندین بنکە و بارەگای هێزەکانی سوپای پاسداران، ئەرتەش، پۆلیس و پاسەوانیی سنوور بۆردوومان کران.
سنە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، چەندین شوێن لە گەرەکەکانی دۆشان و سەعدیی شاری سنە و گوندی قاری نزیک شارەکە کرانە ئامانج.
بەپێی زانیارییەکان، بنکەی ئیمام عەلیی سوپای پاسداران لە گەڕەکی دۆشان و بنکەی پۆلیس لە گەرەکی سەعدی بۆردوومان کراون. هەروەها لە گوندی قاریش بنکەیەکی سەر بە سوپای پاسداران کراوەتە ئامانج.
بنکەی بەیتولموقەدەسی سەر بە سوپای پاسداران لە ناوەندی شاری سنە بە خەستی بۆردوومان کراوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆش باڵەخانەی تەلەڤیزیۆنی دەنگ و رەنگی سنە (سەدا و سیما) بە چڕی بۆردوومان کرا.
لە شاری مەریوانیش، باڕەگای ئیتڵاعات و قەرارگەی رەمەزانی سوپای پاسداران بۆردوومان کران و بە تەواوی خاپوور کران.
لە شەوی رابردووەوە تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێگەی هێزە سەربازییەکان و ناوەندە حکومییەکان لە شاری بانەش بە خەستی بۆردوومان کران.
بەپێی زانیارییەکان، ناوەندی پۆلیس، دادگەی بانە و ناوەندی سەرەکیی ئەرتەش و سوپای پاسداران کراونەتە ئامانج.
بارەگای سەرەکیی ئەرتەش، فەرماندەیی پۆلیس و ناوندێکی سوپای پاسداران لە شاری سەقزیش لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردوومان کران.
لوڕستان
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، چەندین شوێن لە شاری خوڕەمئاوای ناوەندی پارێزگای لوڕستان کرانە ئامانج.
میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت، بارەگای فەرماندەیی پۆلیسی خوڕەمئاوا و بنکەی پۆلیسی 11ی شارەکە بۆردوومان کراون. هەروەها گۆڕەپانی پۆلیس لە خوڕەمئاوا (ژاندارمریی پێشوو) کراوەتە ئامانج، بەڵام زیانەکان هێشتا دیار نین.
کرماشان
ئەمڕۆ دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە شاری کرماشان بیستران و چەند ناوەند و شوێنی سەر بە حکومەت لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردوومان کران، بەڵام تاوەکو ئێستا زانیاری لەبارەی ئەو شوێنانە و زیانەکان نییە.
ئەمڕۆ بارەگایەکی سوپای پاسداران لە شاری قەسری شیرین کرایە ئامانج.
لە شاری جوانڕۆش بنکەیەکی پۆلیسی شارەکە بە مووشەک بۆردوومان کرا و بەهۆیەوە باڵەخانەکەی تەختی زەوی کراوە. هەروەها باڵەخانەی دادوەریی شارەکە کرایە ئامانج.
ئیلام
لە پارێزگای ئیلامیش کردنە ئامانجی بنکە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران بەردەوامە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بنکەی سەرەکیی پۆلیس لە شاری ئەیوان بۆردوومان کرا و باڵەخانەکەی بە تەواوی رووخێنرا.
رۆژی پێنجشەممە جارێکی دیکە فەرماندەیی پاسەوانیی سنووری شاری مێران ناسراو بە بنکەی (بەهرام ئاباد) لە پارێزگای ئیلام بۆردوومان کرایەوە. بەرپرسانی پاسەوانیی سنووری ئیلام بە میدیا فەرمییەکانیان راگەیاندووە، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی زۆری بە بارەگاکە گەیاندووە.
ورمێ
لە شەشەمین رۆژی شەڕدا، بۆ یەکەمین جار بنکەیەکی سەر بە سوپای پاسداران لە شارۆچکەی رەبەت-ی سەر بە شاری سەردەشت بۆردوومان کرا.
شەوی چوارشەممە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بنکەیەکی سوپای پاسداران و باڵەخانەی قائیمقامییەتی شاری بۆکان کرانە ئامانج و بە خەستی بۆردوومان کران.
بەپێی ئەو گرتەڤیدیۆیانەی دوای بۆردوومانەکە بڵاوبوونەتەوە، باڵەخانەکان بە تەواوی رووخاون. بە گوێرەی هەندێک زانیاریی سەرەتایی، لە هێرشەکاندا دوو کەس کوژراون و 30 کەس بریندارن، بەڵام هێشتا پشتراست نەکراوەتەوە.
بەڕێوەبەری فریاکەوتنی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای شەڕەوە تاوەکو ئێستا پێگە ئەمنی و سەربازییەکانی حکومەتی ئێران لە 172 شار و 29 پارێزگا کراونەتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ