وەزیری بەرگریی ئێران: ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر، بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەینە ئامانج

05-05-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئێران لە وەڵامی هەڕەشەی بەرپرسانی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران رایگەیاند، "ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر، بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەینە ئامانج."
 
رۆژی یەکشەممە، 4ی ئایاری 2025، عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران سەبارەت بە هەڕەشەی بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا و ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران، بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، "ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر و شەڕ بەسەرماندا بسەپێنرێت، بە شێوەیەکی بەهێز وەڵامی دەدەینەوە. هێرش دەکەینە سەر بەرژەوەندییەکانیان و بنکەکانیان دەکەینە ئامانج."
 
عەزیز نەسیرزادە گوتی، "بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، هیچ شتێک رەچاو ناکەن و هیچ سنوورێک بۆ هێرشەکانیان نابێت."
 
وەزیری بەرگریی ئێران باسی پەیوەندیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە دەکات و دەڵێت: "ئێمە هیچ دوژمنایەتییەکمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە نییە و ئەوان برای ئێمەن، بەڵام بنکەکانی ئەمریکا ئامانجی ئێمەن."
 
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی ئێران رایگەیاند، مووشەکێکی بالستی نوێیان بە ناوی قاسم بەسیر تاقیکردووەتەوە، کە دەتوانێت ئامانجەکانی بە دووری 1200 کیلۆمەتر بپێکێت.
 
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، رۆژی 17ی نیسانی 2025، بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە ئەو مووشەکە نوێیەیان تاقیکردووەتەوە، کە بە سووتەمەنی وشک کار دەکات و توانای ئەوەی هەیە سیستمە دژە مووشەکییەکانی تاد و پاتریۆتی ئەمریکی تێپەرێنێت و ئامانجەکانی بپێکێت.
 
لێدوانی بەرپرسە سەربازییەکانی ئێران لە کاتێکدایە، گەڕی چوارەمی دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران کە بریاربوو دوێنی شەممە، 3ی ئایاری 2025 لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەبچێت، دواخرایەوە.
 
هەروەها لە چەند رۆژی رابردوودا، بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل لیدوانی تووندیان لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران داوە و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزیان لە دژی تاران کردووە.
 
رۆژی 1ی ئایاری 2025، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووندی دایە ئێران و هەڕەشەی کرد، کە رووبەڕووی دەرئەنجامێکی خراپ دەبێتەوە لە بەرامبەر "هاوکاریکردنی حووسییەکان".
 
وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، نووسی، "پەیام بۆ ئێران: ئێمە پشتیوانیی کوشندەی ئێوە بۆ حووسییەکان دەبینین. بە تەواوی دەزانین ئێوە چی دەکەن. ئێوە زۆر باش دەزانن توانای سەربازیی ئەمریکا چییە، ئەوا ئێوە ئاگادار کرانەوە و باجەکەشی دەدەن؛ لە کات و شوێنی دیاریکراوی خۆماندا."
 
پێشتر لە مانگی ئاداری ئەم ساڵ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەمان هەڕەشەی لە ئێران کردبوو و لە سۆشیاڵ تروس رایگەیاندبوو: "ئێران بەرپرسیار دەبێت لە هەر هێرشێک حووسییەکان دەیکەنە سەریان."
 
بەرپرسانی ئێران ئەو تۆمەتانەی واشنتن رەتدەکەنەوە و چەندین جار رایانگەیاندووە کە حوسییەکان سەربەخۆیانە کار دەکەن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە