رووداو دیجیتاڵ
حووسییەکانی یەمەن هەڕەشەی هێرشی زیاتر بۆ سەر ئیسرائیل بەتایبەت فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتە دەکەن، ئەمە دوای ئەوەی دوێنێ مووشەکێکیان ئاڕاستەی ئەو وڵاتە کرد و بەرپرسانی تەلئەڤیڤیش هەڕەشەی وەڵامدانەوەیان کرد.
گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزە سەربازییەکانیان "فرۆکەخانەکان[ی ئیسرائیل] بەتایبەت ئەوەی شاری لۆد کە پێیدەگوترێت بێن گوریۆن بەئامانج دەگرن". ئەو داوا لە هێڵە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانیش دەکات گەشتەکانیان بۆ ئەو فرۆکەخانەیە هەڵبوەشێننەوە.
یەحیا سەريع رایگەیاند، بە مووشەکێکی بالیستیی دەنگبڕ هێرشەکەیان کردووە. گوتیشی، لە ئەنجامی هێرشەکەیاندا "سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکی و ئیسرائیلی لە بەرپەرچدانەوەی مووشەکەکە شکستیان هێنا؛ هەروەها زیاتر لە سێ ملیۆن زایۆنی رایانکردە پەناگەکان و هاتووچۆی فڕۆکەخانەکە بۆ زیاتر لە کاژێرێک بە تەواوی وەستا."
ئیسرائیل ئەو وردەکارییانەی پشتڕاست نەکردوونەتەوە، بەڵام پێشتر سوپاکەی رایگەیاندبوو: "چەند جارێک هەوڵمان دا بەرپەرچی مووشەکێک بدەینەوە کە لە یەمەنەوە هاوێژرا. شتێک لە ناوچەیەکی دەوروبەری فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن کەوتەخوارەوە."
هەروەها دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی ئیسرائیل رایگەیاند: "گەشتەکانی چوون و هاتن دەستیان پێکردووەتەوە" دوای ئەوەی کە بۆ ماوەیەکی کورت بە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکە وەستێنران.
دەزگاکە گوتی، فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن "کراوەتەوە و کاردەکات."
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی تووندی لە حووسییەکان کرد و رایگەیاند، "هەرکەسێک لێمان بدات، حەوت هێندە بەهێزتر لێیان دەدەینەوە".
حووسییەکان دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە، دەستیان بە هێرشكردنە سەر ئیسرائیل، کەشتییە ئیسرائیلی، ئەمریکی و بەریتانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن کرد، ئەوەش وەک خۆیان دەڵێن، هاوسۆزییەکە بۆ فەلەستین.
گرووپە یەمەنییەکە لە ماوەی ئاگربەستێکی دوو مانگەی غەززەدا هێرشەکانیان وەستاندن، بەڵام مانگی ئادار کە ئیسرائیل کۆتایی بە ئاگربەست هێنا، بەڵێنیاندا هێرشبکەنەوە سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی، ئەگەر گەمارۆ لەسەر غەززە لانەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ