رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
دیمەنێکی پێشتری بۆردوومانکردنی بەندەرێک لە سنووری شاری حودەیدەی یەمەن. 20-7-2024. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
میدیای حووسییەکانی یەمەن بڵاویکردەوە، ئیسرائیل و ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر شاری حودەیدەی یەمەن، ئەمەش دوای ئەوەی بزووتنەوە چەکدارەکە بە مووشەک فڕۆکەخانەیەکی ئیسرائیلی کردە ئامانج. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، حووسییەکان بە "رێنموونی و پارەی ئێران هێرش دەکەن."
رۆژی دووشەممە 05-05-2025 میدیای فەرمیی حووسییەکان رایگەیاند: "ئیسرائیل و ئەمریکای دووژمنکار بە شەش هێرش شاری حودەیدەیان کردە ئامانج."
شاری حودەیدە دەکەوێتە کەناری رۆژئاوای یەمەن.
میدیای حووسییەکان راشیگەیاند، لەو زنجیرە هێرشە، ناوچەی باجل لە هەمان پارێزگە کراوەتە ئامانج.
تائێستا هیچ ئامارێکی زیانی گیانی و مادی ئاشکرا نەکراوە.
سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی یەمەنی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "ژێرخانی حووسییەکانمان لە ناوچەی کەناراوی یەمەن بۆردوومان کرد. هێرشەکان وەک وەڵامێکن بۆ هێرشە دووبارەبووەکانی سەر دەوڵەتی ئیسرائیل."
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "حووسییەکان بە رێنموونی و پارەی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی، ناوچەکەیان ناسەقامگیر کردووە و هەڕەشە لە هاتووچۆی بازرگانی دەکەن."
دوێنێ یەکشەممە حووسییەکانی یەمەن بە فڕۆکەیەکی "بالیستیی دەنگبڕ" فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بنگۆریۆنیان لە تەلئەڤیڤ کردە ئامانج.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لەبارەی حووسییەکانی یەمەن گوتی: "ئێمە پێشتر هەنگاومان دژی ئەوان ناوە و لە داهاتووش هەر بەردەوام دەبین."
نەتەنیاهوو لە پەیامەکەی بەڵێنی دا "وەڵام"ـی حووسییەکان بدەنەوە و گوتیشی، وەڵامەکە "بە چەند قۆناخێک دەبێت."
مووشەکەکە تێرمیناڵی ژمارە 3ـی فڕۆکەخانەکەی کردە ئامانج کە گەورەترین تێرمیناڵە. چاڵێکی گەورە لە تێرمیناڵەکە دروستبوو کە چەند سەد مەترێک لە فڕگەی فڕۆکەکانەوە دووربوو.
یائیر هێزرۆنی، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوەندیی ئیسرائیل رایگەیاند: "چاڵەکە چەندین مەتر قووڵە."
کارگێڕیی فڕۆکەخانەکە رایگەیاند، ئەمە "یەکەمجارە" مووشەکێک هێندە نزیک شوێنێکی فڕۆکەخانەکە بکاتە ئامانج.
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند: "هەر کەسێک لێمان بدات، حەوت هێندە بەهێزتر لێی دەدەینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ