پەرەسەندنە مەیدانییەکانی 24 کاژێری رابردووی تەنگەی هورمز؛ کێ هێرشی کردە سەر کوێ؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا و ئێران جارێکی دیکە لە ناوچەی کەنداو و تەنگەی هورمز دەستیان بە هێرشی مووشەکی و درۆنی کردەوە. ئەمەش دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ پڕۆژەیەکی نوێی بەناوی "پڕۆژەی ئازادی" بۆ کردنەوەی رێڕەوی کەشتییەکان راگەیاند.
 
ئەم پەرەسەندنە نوێیە ئاگربەستە ناسکەکەی نێوان تاران و واشنتنی لەرزۆکتر کرد و نرخی نەوتی لە بازاڕەکانی جیهاندا بە رێژەی 5% بەرز کردەوە.
 
کێ هێرشی کردە سەر کوێ؟
 
رۆژی دووشەممە چەندین هێرشی جیاواز بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و ناوچە ستراتیجییەکان تۆمار کران:
 
1- بەندەری فوجەیرە لە ئیمارات: ئێران بە مووشەک هێرشی کردە سەر بەندەری نەوتی فوجەیرە و ئاگرێکی گەورەی تێدا کەوتەوە. ئەم بەندەرە گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە تاکە رێگەی هەناردەی نەوتە کە پێویستی بە تێپەڕبوون بە نێو تەنگەی هورمزدا نییە.
 
2- کەشتییەکی کۆمپانیای ئادنۆک: کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئیمارات (ئادنۆک) رایگەیاند، یەکێک لە تانکەرە نەوتە بەتاڵەکانیان لەلایەن درۆنەکانی ئێرانەوە پێکراوە.
 
3- کەشتییەکەی کۆریای باشوور: کەشتیی  HMM Namuی کۆریای باشوور، کاتێک لەنێو تەنگەکەدا بوو، تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە ژووری بزوێنەرەکەیدا روویدا. هێشتا روون نییە تەقینەوەکە بەهۆی هێرشەوە بووە یان گرفتێکی نێوخۆیی کەشتییەکە.
 
4- کەشتییەکانی دیکە: ئاژانسی ئاسایشی دەریایی بەریتانیا (UKMTO) بڵاویکردەوە، دوو کەشتیی دیکە لە نزیک کەناراوەکانی ئیمارات پێکراون و دووکەڵیان لێ بەرزبووەتەوە.
 
5- بەلەمە جەنگییەکانی ئێران: فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، شەش بەلەمی بچووکی سەربازیی ئێرانییان تێکشکاندووە کە هەوڵیانداوە لە کەشتییەکانیان نزیک ببنەوە.
 
6- کەشتیی ئالایانس فێرفاکس: کۆمپانیای مێرسک رایگەیاند، ئەم کەشتییە کە ئاڵای ئەمریکای لەسەرە، بە یاوەریی هێزی دەریایی ئەمریکا توانیویەتی بە سەلامەتی لە تەنگەی هورمز بچێتە دەرەوە.
 
پڕۆژەی ئازادی یان بنبەست؟
 
دۆناڵد ترەمپ پڕۆژەی "ئازادی" بۆ یاوەریکردنی ئەو کەشتییانە راگەیاند کە لە مانگی شوباتەوە لە کەنداو گیرییان خواردووە. بەڵام عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گاڵتەی بە پڕۆژەکە کرد و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "پڕۆژەی ئازادی، پڕۆژەی بنبەستە." عێراقچی هۆشداری دا کە هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ ئەم قەیرانە نییە.
 
ئێستا ئێران نەخشەیەکی نوێی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت ناوچەیەکی فراوانی دەریا، کە بەشێکی زۆری کەناراوەکانی ئیماراتیش دەگرێتەوە، لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندایە. سوپای پاسدارانیش هۆشداری داوە هەر کەشتییەک بییەوێت بچێتە نێو تەنگەکە، دەبێت هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەوان بکات، ئەگەرنا هێرشی دەکرێتە سەر.
 
لەلایەکی دیکەوە، دانوستاندنەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە رێگەی پاکستانەوە بەردەوامن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی وایان نەبووە کە گرژییەکان کەم بکاتەوە. ئێران پێشنیازێکی 14 خاڵیی پێشکێش کردووە، بەڵام ترەمپ دەڵێت ئەگەرێکی زۆر هەیە رەتی بکاتەوە، چونکە تاران ئامادە نییە دانوستاندن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێلیکۆپتەرێکی هێزی دەریایی ئەمریکا. وێنە: سێنتکۆم/ئەرشیڤ

سێنتکۆم: شەش بەلەمی ئێرانیمان نوقم کرد

سوپای ئەمریکا رایگەیاند، هێلیکۆپتەرە سەربازییەکانیان شەش بەلەمی بچووکی ئێرانییان لە تەنگەی هورمز ژێرئاو خستووە، کە کەشتییە سڤیلەکانیان کردبووە ئامانج. ئەم پێشهاتە نوێیە بە گەورەترین تاقیکردنەوە بۆ ئەو ئاگربەستە دادەندرێت کە لە 8ـی نیسانەوە لە نێوان تاران و واشنتن راگەیێندراوە