رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات دەڵێت، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی سەرقاڵی بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێرانە کە خاکی ئەو وڵاتە دەکەنە ئامانج.
رۆژی سێشەممە، 5ـی ئایاری 2026، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات راگەیێندراوێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە: "ئێستا بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئیمارات وەڵامی هێرشە مووشەکی و درۆنەکان دەدەنەوە کە لە ئێرانەوە ئاراستە دەکرێن."
لەبارەی ئەو دەنگە بەهێزانەی لە چەند ناوچەیەکی وڵاتەکە بیستراون، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات دەڵێت: "ئەو دەنگانەی لە ناوچە جیاوازەکانی وڵات دەبیسترێن، لە ئەنجامی تێکشکاندنی مووشەکی بالیستی و کروز و درۆنەکانە لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە."
حکومەتی ئیمارات داوای لە دانیشتووانی وڵاتەکەی کردووە هێمن بن و پابەندی رێنماییە ئەمنییەکان بن.
وەزارەتەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات: "بە هیچ شێوەیەک نزیک نەبنەوە لە پاشماوەی ئەو مووشەک و درۆنانەی تێکشکێندراون و دەستکاری پارچە کەوتووەکان مەکەن و وێنەیان مەگرن، بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کارەکانی خۆیان بکەن".
ئەم هێرشانە لەکاتێکدان، ئێران رۆژی دووشەممەش بە مووشەک هێرشی کردە سەر بەندەری نەوتی فوجەیرە و بەو هۆیەوە ئاگرێکی گەورەی تێدا کەوتەوە؛ هەروەها کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئیمارات (ئادنۆک) رایگەیاند، یەکێک لە تانکەرە نەوتە بەتاڵەکانی بە درۆنی ئێرانەوە پێکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ