رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە لە رۆژی پێش جەژنی قوربان لەلایەن ئیسرائیلەوە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لە رۆژی عەرەفە لانیکەم 37 کەس کوژراون، لە کاتێکدا گرووپێکی فریاگوزاریی پشتیوانیکراو لەلایەن ئەمریکاوە رایگەیاند کە دوای پشوویەکی یەک رۆژە دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 05-06-2025 محەمەد موغەییر، بەرپرسی بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، "37 کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر کەرتی غەززە شەهید بوون."
سوپای ئیسرائیل لەم دواییانەدا هەڵمەتەکەی لە غەززە چڕکردووەتەوە و دەڵێت، "پاڵنەرێکی نوێیە بۆ شکستپێهێنانی حەماس."
داواکارییەکان بۆ ئاگربەستێکی نێوان ئیسرائیل و حەماس زیادیان کردووە، بەڵام گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان لایەنەکان لەدوای هەڵوەشانەوەی دوا ئاگربەستی کورتخایەن لە مانگی ئادارەوە، هیچ پێشکەوتنێکیان بەدەستنەهێناوە.
لەلایەکی دیکە، لویس ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەرازیل زاراوەی "جەنگ"ی بۆ وەسفکردنی ململانێکە لە ناوچە وێرانبووەکەی فەلەستین رەتکردەوە و لەبری ئەوە ئیسرائیلی بە کردنی "جینۆسایدی بە ئەنقەست" تۆمەتبار کرد.
لولای بەرازیل، کە پێشتریش ئەم زاراوە یاساییەی بۆ وەسفکردنی ململانێکە بەکارهێنابوو، گوتی: "ئەوەی لە غەززە رودەدات جەنگ نییە. جینۆسایدێکە لەلایەن سوپایەکی زۆر ئامادەکراوەوە دژی ژنان و منداڵان دەکرێت،" گوتیشی: "چیدیکە قبووڵ ناکرێت."
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کە خۆی ئەم زاراوەیەی بەکارنەهێناوە، لە دەرکەوتنێکی هاوبەشدا لەگەڵ لولا بەڵێنیدا "بە هاوئاهەگی لەگەڵ ئەمریکییەکان بۆ بەدەستهێنانی ئاگربەست، گوشاری زیاتر بکەن."
بڕیارە فەرەنسا لە کۆتایی ئەم مانگەدا بە هاوبەشی لەگەڵ سعودیە لە نیویۆرک سەبارەت بە چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان، میوانداریی کۆنفرانسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات.
لەلایەکی دیکە، ئیسرائیل بۆ رێگەدان بە گەیشتنی زیاتری هاوکاری بۆ غەززە رووبەڕووی گوشاری نێودەوڵەتیی زیاتر بووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی گەمارۆیەکی زیاتر لە دوو مانگی سەپاند کە بووە هۆی کەمبوونەوەی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی دیکە.
ئیسرائیل لەم دواییانە گەمارۆکەی سووکتر کرد، لەگەڵ دامەزراوەی مرۆیی غەززە (GHF) کە تازە دامەزراوە و لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی لێدەکرێت، کاری کردووە و بە رێگەیەکی نوێ هاوکارییەکان لە باشوور و نێوەڕاستی غەززە دابەش دەکات.
دامەزراوە نوێکە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، بووەتە جێگەی رەخنەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامانی دیکەی فریاگوزاری. نەتەوە یەکگرتووەکان و گرووپەکانی دیکەی فریاگوزاری رەتیانکردووەتەوە لەگەڵ دامەزراوەی مرۆیی غەززە کار بکەن، بەهۆی نیگەرانییەکانیانەوە کە گوایە خزمەت بە ئامانجە سەربازییەکانی ئیسرائیل دەکات.
دوای ئەوەی هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە گوایە لە ماوەی سێ رۆژدا دەیان کەس لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ناوەندەکانی فریاگوزاریی گرووپەکە کوژرابن، سەرکۆنەی تووندی لێکەوتەوە.
دامەزراوەکە رۆژی چوارشەممە ناوەندەکانی دابەشکردنی داخست بۆ ئەوەی بۆ باشترکردنی کارەکانی خۆی رێکبخاتەوە، بەڵام رایگەیاند کە رۆژی پێنجشەممە دووانی کردووەتەوە.
دامەزراوەکە رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 1.4 ملیۆن ژەمی لە دوو ناوەنددا دابەشکردووە و زیاتر لە 8.4 ملیۆن ژەمی لەوکاتەوەی کراوەتەوە، دابەشکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ