ئیسرائیل کەرتی غەزەی بۆردوومان کرد

05-07-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای سەرهەڵدانەوەی گرژیی نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان، سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە بەرامبەر ئاراستەکردنی چەند مووشەکێک لەلایەن فەلەستینییەکانەوە بۆ تەلئەڤیڤ، کەرتی غەزەیان بۆردوومان کردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیل لە جنین دەستی بە کشانەوە کردووە. 
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی تەممووزی 2023، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێكدا ئاماژەی بەوەکرد، "لە بەرامبەر ئاراستەکردنی مووشەکەکان بە ئاراستەی ئیسرائیل، ئێستا هێزی بەرگریی ئیسرائیل کەرتی غەزە بۆردوومان دەکات."
 
سەرچاوەیە لە هێزە ئەمنییەکانی فەلەستین بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە کە ئیسرائیل چەند پێگەیەکی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی بۆردوومان کردووە، بەڵام هیچ کوژراو و بریندارێکی لێنەکەوتووەتەوە. 
 
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکە چەند ئامانجێکی لە شارۆچکەی بەیت لەهیە لە باکووری کەرتی غەزە بۆردوومان کردووە.
 
ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانیان بۆ سەر شاری جنین لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین، سەربازێکی وڵاتەکەی کوژراوە. لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەشدا بەلایەنی کەمەوە 10 فەلەستینی کوژران و هەزاران کەس ماڵەکانیان چۆڵکرد.
 
دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سەربازە ئیسرائیلییەکە لە کاتی کشانەوەی هێزەکانیان لە شاری جنین کراوەتە ئامانج و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. 
 
هەگاری دەربارەی ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای ئیسرائیل گوتی، "تاوەکو هەموو هێزەکان لە جنین دەکشێنەوە، ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی نەهاتووە؛ هێزەکان لە ئامادەباشیدا دەمێننەوە بۆ هەر کارێکی پێویست." 
 
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 3-7-2023 سەدان سەربازی سوپای ئیسرائیل بە بەکارهێنانی بیلدۆزەری سەربازی و درۆن هەڵیانکوتایە سەر کامپی جنین.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە سەردانێکدا بۆ بنکەیەکی سەربازی نزیک کامپەکە باسی لە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە کرد و گوتی، رێگە نادەن جنین "ببێتەوە شوێنێک بۆ ئەو ئاوارانەی "خەریکی تیرۆرکردنن" و بەڵێنیدا کە "تیرۆر لە رەگەوە" دەربهێنن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە