ژمارەی جووەکان لە قوبرس زیادبوون؛ 'وڵاتەکەمان دەبەن'

05-07-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی قوبرس نیگەرانن لە زیادبوونی جووەکان لە وڵاتەکەیان و داوا دەکەن سنوورێک بۆ ئەو زیادبوونە دابنرێت. تەل ئەڤیڤیش ئەو هەڵوێستە بە هەڕەشەی دژەجوو دەزانێت. 
 
ستیفانۆس ستیفانۆو، سکرتێری گشتیی پارتی پێشکەوتووی میلی قوبرس کە دووەم گەورەترین پارتی وڵاتەکەیە رایگەیاند، جووەکان موڵک لە ناوچە گرنگ و دیارەکانی وڵاتەکەیان دەکڕن و ئەمەش هەڕەشەیەکی جیدی نیشتمانییە. دەشڵێت، جووەکان لە چەند بەشێکی شارەکاندا گەڕەکی تایبەت بە خۆیان دروستکردووە و "قوتابخانە و کەنیسەی زایۆنییان" بنیاتناوە. 
 
سکرتێری گشتیی پارتەکە ئاماژەی بەوەش کرد، جووەکان "وڵاتەکەمان دەبەن". ئەو هۆشداریشیدا کە لەوانەیە دووچاری هەمان چارەنووسی فەلەستین ببنەوە. 
 
بە گوێرەی ئەو بەرپرسە سیاسییەی قوبرس، کڕینی ئەو موڵکانە بەشێکە لە "پلانێکی فراوان" بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەی جوونشین، ناوەندی ئایینی و زیادکردنی هەژموونی ئابووریی ئیسرائیل بەسەر وڵاتەکەیانەوە. 
 
بە گوێرەی میدیای قوبرس، بەشێک لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و پسپۆڕانی وڵاتەکەیان کڕینی ئەو موڵکانە لەلایەن جووەکانەوە مەترسی لەسەر سەروەری قوبرس و داهاتووی ئابووری وڵاتەکە دروست دەکات. 
 
لە بەرامبەر ئەو گوتانەی پسپۆڕان و بەرپرسە سیاسییەکانی قوبرسدا ئۆرین ئانۆلیک، باڵیۆزی ئیسرائیل لە قوبرس سەرکۆنەی ئەو گوتانەی کرد و بە بڵاوکردنەوەی هەڕەشەی دژەجوو بەنێو دانیشتووانی قوبرسی دانا. 
 
ستیفانۆویش لە وەڵامدا رەتیکردەوە ئەو مەبەستەیان هەبێت و دەڵێت، "ئیسرائیل بەرگەی هیچ رەخنەیەک ناگرێت و دەیەوێت کۆنترۆڵی هەموو شتێک بکات" وەکو چۆن گوتەکانی ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە دژەجوو دانابوو تەنیا بەهۆی ئەوەی رەخنەی لە "جینۆسایدی" ئیسرائیل لە غەززە گرتبوو. 
 
بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لانیکەم 500 هەزار ئیسرائیلی لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستیندا دەژین. 29ی ئایاری ئەم ساڵیش، حکومەتی تەل ئەڤیڤ دروستکردنی 22 کۆمەڵگەی نوێی جوونشینی لە کەرتی رۆژئاوا پەسەندکرد. بە گوێرەی ئاماری فەرمیی حکومەتی قوبرس، لانیکەم دوو هەزار و 500 ئیسرائیلی لەو وڵاتە دەژین، بەڵام میدیای قوبرس دەڵێت، ژمارەکە لەنێوان 12 هەزار بۆ 15 هەزار کەسە. 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە