بەرگریی شارستانیی غەززە دەڵێت، ئەمڕۆ 26 کەس لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژران

05-08-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەرگریی شارستانی غەززە دەڵێت، بەهۆی تەقە و بۆردوومانەکانی سوپای ئیسرائیلەوە 26 کەس کوژران کە 14یان لە نزیک بنکە و ناوەندەکانی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بوون. 
 
رۆژی سێشەممە، 5ـی ئابی 2025، محەممەد بەسال دەڵێت، لە خان یوونس 8 کەس و لە نێوەڕاستی غەززە 6 کەسی دیکە لەنزیک بنکەکانی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان کوژران. دەشڵێت، 21 کەسی دیکەش بە هەمان هۆکار و لە هەمان ئەو ناوچانە بریندار بوون. 
 
تاوەکو ئێستا سوپای ئیسرائیل هیچی لەسەر کوژرانی ئەو هاووڵاتییانە بڵاونەکردووەتەوە. 
 
گوتەبێژەکەی تەندروستیی غەززە ئاماژەی بەوەش کرد، 5 کەسی دیکە بەهۆی بۆردوومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی ماواسی لە باشووری غەززە کوژران کە ئیسرائیل ناوچەکەی بە یەکێک لە ناوچە سەلامەتەکان بۆ خەڵک دیاریکردبوو. گوتیشی، 6 کەسی دیکە بە بۆردوومانێک بۆ سەر شاری غەززە و یەکێکی دیکەش بە هەمان هۆکار لە باشووری کەرتەکە کوژران. 
 
بەردەوامی بۆردوومان و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لەکاتێکدان کەتیبەی عیزەدین قەسام کە باڵی سەربازی حەماسە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، توانیویانە فەرماندەیی سوپای ئیسرائیل لە باشووری کەرتی غەززە بتەقێننەوە. 
 
رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئەویش بە بۆردوومان و هێرشی زەوینی بۆ سەر کەرتی غەززە وەڵامی دایەوە. 
 
بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، بەهۆی هێرشەکەی حەماسەوە سەروو هەزار و 130 کەس کوژران و 250 کەسیش کەوتنە دەست گرووپەکە.
 
تەندروستی غەززەش دەڵێت، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 61 هەزار و 20 کەس کوژراون و 150 هەزار و 671 کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە