سەربازگەیەکی تورکیا لە سووریا مووشەکباران کرا و هەشت سەرباز برینداربوون

05-10-2023
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەربازگەیەکی هێزەکانی سوپای تورکیا لە باکووری سووریا مووشەکباران کرا و لە ئەنجامدا هەشت سەرباز برینداربوون. 
 
میدیای فەرمیی تورکیا بە پشتبەستن بە زانیاریی سەرچاوە ئەمنییە باڵاکانی وڵاتەکەی بڵاویکردەوە، ئەمشەو، 5ـی تشرینی یەکەمی 2023، لە ناوچەی تەلرەفعەت کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە دایە، سەربازگەیەکی سەر بە هێزەکانی سوپای تورکیا لە ناوچەی دابق بە چڕی مووشەکباران کراوە. لە ئەنجامدا هەشت سەرباز برینداربوون کە پێنجیان سەر بە هێزی تایبەتی کۆماندۆ بوون. 
 
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، سەربازە بریندارەکان بە ئەمبووڵانس گواستراونەتەوە نەخۆشخانەکانی هەردوو پارێزگای کیلیس و دیلۆک لە باکووری کوردستان. 
 
جەخت لەوە کراوەتەوە، ئەو هێزانەی سوپای تورکیا کە لە (بەشێکی رۆژئاوای کوردستان) و باکووری سووریادان، بەچڕی سەرچاوەی هێرشەکەیان لە ناوچەی تەلرەفعەت تۆپباران و بۆردوومان کردووە. 
 
تاوەکو ئێستا هەسەدە، هیچ روونکردنەوەیەکی لەمبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە