رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڕیاری دا رۆمان گۆڤمان، سکرتێرە سەربازییەکەی وەکو بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی ئیسرائیل (مۆساد) دەستنیشان بکات، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی گۆڤمان هیچ ئەزموونێکی لە کاری هەواڵگریدا نییە.
رۆژی پێنجشەممە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، گۆڤمان شوێنی دەیڤد بەرنیاع دەگرێتەوە، کە لە حوزەیرانی 2026 ماوەی پێنج ساڵی سەرۆکایەتییەکەی کۆتایی دێت.
گۆڤمان لەدایکبووی ساڵی 1976ـی بێلاڕووسە و لە تەمەنی 14 ساڵیدا کۆچی کردووە بۆ ئیسرائیل. ساڵی 1995 پەیوەندی بە سوپاوە کردووە و لە هێزە زرێپۆشەکان کاری کردووە. لە نیسانی 2024 وەک سکرتێری سەربازی لە نووسینگەی نەتەنیاهوو دەستبەکار بووە. گۆڤمان لە هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـی حەماسدا لە باشووری ئیسرائیل بریندار بوو، کە ئەوکات فەرماندەی مەشق و راهێنانی پیادە بوو.
ئەمە دووەمجارە لەم مانگانەی دواییدا نەتەنیاهوو کەسێکی نزیک لە خۆی لە پۆستێکی ئەمنیی هەستیار دادەنێت، دوای ئەوەی دەیڤد زینی کردە سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ناوخۆ (شاباک).
هاوشێوەی سەرۆکی نوێی شاباک، گۆڤمانیش پێشتر لە مۆساد کاری نەکردووە. گۆڤمان دەرچووی قوتابخانەیەکی ئایینیی جووەکانە لە باکووری کەرتی رۆژئاوا کە بە یەکێک لە ناوەندە دیارەکانی "زایۆنیزمە ئایینییەکان" دادەنرێت.
ئۆری مسگاڤ، نووسەر لە رۆژنامەی هائارتسی ئیسرائیلی رەخنەی لە بڕیارەکە گرتووە و دەڵێت، گۆڤمان بەهۆی نەبوونی ئەزموونی هەواڵگرییەوە "شایستە نییە بۆ سەرۆکایەتیی مۆساد" و هۆکاری دانانەکەشی بۆ "ملکەچی" بۆ نەتەنیاهوو گەڕاندووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ