رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی کوێت رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەیان رووبەڕووی شەپۆلێکی هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە، کە لە ئێرانەوە ئاراستە کراون. دەشڵێت، "هێزە چەکدارەکانمان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک."
رۆژی هەینی 6ی ئاداری 2026، عەقید روکن سعود عەبدولعەزیز عەتوان، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی کوێت رایگەیاند، "بەرگریی ئاسمانیی کوێت توانیویەتی 12 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە باکوور و ناوەڕاستی وڵات، هەروەها 14 مووشەک لە باشووری وڵات تێکبشکێنێت."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگری، دوو لەو مووشەکانە لە دەرەوەی ناوچەی مەترسی کەوتوونەتە خوارەوە و هێرشەکان تەنیا "زیانی مادییان" لێکەوتووەتەوە، کە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مووشەکە تێکشکاوەکانەوە بووە.
سەبارەت بە دەنگی تەقینەوەکان، کە لە چەند ناوچەیەکی کوێت بیستراون، سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپا روونیکردەوە، دەنگەکان نیشانەی کاراکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بووە بۆ تێکشکاندنی مووشەکە بالیستی و کروز و درۆنەکان.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوێت داوای لە هاووڵاتییان کرد، پابەندی رێنوێنییە ئەمنییەکان بن و جەختیشی کردەوە، "هێزە چەکدارەکانمان بە تووندی رووبەڕووی هەر هەوڵێک دەبنەوە کە بیەوێت ئاسایش و سەروەریی وڵات تێکبدات، پارێزگاری لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیش دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ