رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی سڤیل لە قەتەر رایگەیاند، دەستیانکردووە بە دەستپێکردنەوەی بەشێکی گەشتە ئاسمانییەکان، ئەمەش دوای ئەوەی ئاسمانی ئەو وڵاتە بەهۆی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێرانەوە داخرابوو.
رۆژی شەممە 07-03-2026 فڕۆکەوانیی سڤیلی قەتەر رایگەیاند، دەستپێکردنەوەی گەشتەکان لە رێگەی "رێڕۆ ئاسمانییە تایبەتەکانی باری نائاسایی" دەبێت و توانای گواستنەوەیان زۆر سنووردارە. ئەم قۆناخە تەنیا ئەو گەشتانە دەگرێتەوە کە بۆ گواستنەوەی ئەو گەشتیارانە تەرخانکراون کە لە وڵاتەکەدا گیریان خواردووە، لەگەڵ گەشتەکانی بارهەڵگری ئاسمانی [کارگۆ].
بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی (حەمەد) لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە، رۆژی شەممە 07-03-2026، تەنیا ژمارەیەکی دیاریکراو لە فڕۆکەکان بۆ گواستنەوەی گیرخواردووەکان دەفڕن. فڕۆکەخانەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "زیادکردنی گەشتەکان لە رۆژانی داهاتوودا، بەستراوەتەوە بە هەڵسەنگاندنی بەردەوامی بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە."
ئەم بڕیارەی دەوحە دوای ئەوە دێت، قەتەر لەلایەن ئێرانەوە چەند جارێک هێرشی کرایەسەر. وەزارەتی بەرگریی قەتەر رایگەیاند، رۆژی هەینی وڵاتەکەیان بە 10 درۆنی ئێرانی کراوەتە ئامانج؛ توانراوە 9 لەو درۆنانە بە سەرکەوتوویی تێکبشکێنرێن و یەکێکیان لە ناوچەیەکی چۆڵ کەوتووەتە خوارەوە بەبێ ئەوەی زیانی گیانی هەبێت.
رۆژی سێشەممەی رابردووش، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەمەد کرابووە ئامانجی هێرشەکانی ئێران، بەڵام پێش گەیشتن بە ئامانجەکەی هێرشەکە پووچەڵ کرایەوە. ئێستا ناوچەی کەنداو بەهۆی جەنگی تاران و واشنتنەوە لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە، کە کاریگەریی گەورەی لەسەر جووڵەی فڕۆکەوانی و گەشتیاری دروست کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ