رووداو دیجیتاڵ
دوای چەند مانگێک لە وەستانی گفتوگۆکان، شاندێکی باڵای حکومەتی سووریا بە سەرۆکایەتیی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، خولێکی نوێی دانوستاندنی لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل دەستپێکرد.
ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا (سانا) بڵاویکردەوە، رۆژی دووشەممە شاندێکی حکومەتی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا خولێکی نوێی دانوستاندنەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێکردووەتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی حکومی کە قسەی بۆ ئاژانسە فەرمییەکە کردووە، دانوستاندنەکان بە هاوئاهەنگی و نێوەندگیریی واشنتن بووە و تێیدا جەخت لە گەیشتن بە "رێککەوتنێکی ئەمنی هاوسەنگ" لە نێوان هەردوو وڵات کراوەتەوە.
تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە کاراکردنەوەی رێککەوتنامەی ساڵی 1974 بۆ جیاکردنەوەی هێزەکان. بەرپرسە سوورییەکە دەڵێت، دیمەشق دەیەوێت گەرەنتی "کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل" بکات بۆ ئەو شوێنانەی پێش رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 تێیدا بوون.
دوای رووخانی ئەسەد لەلایەن هاوپەیمانییەکی ئیسلامییەوە، سوپاى ئیسرائیل هێزەکانی رەوانەی ناوچە دابڕێنراوەکانی ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرزاییەکانی گۆلان کرد و چەندین جار بۆردومانی قووڵایی خاکی سووریای کردووە. تەلئەڤیڤ دەیەوێت "ناوچەیەکی داماڵدراو لە چەک" لە باشووری سووریا دروست بکات، بابەتێک کە بووەتە گرێکوێرەی دانوستاندنەکان.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رۆژی دووشەممە لە پاریس لەگەڵ شەیبانی قسەی کردووە.
لە راگەیێندراوەکەی پاریسدا هاتووە: "هەردوو وەزیر جەختیان لە گرنگیی کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی سووریایەکی یەکگرتوو و سەقامگیر کردووەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژەیان بە پێویستیی گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل لە باشووری سووریا کردووە."
ئیدارەی ئەمریکا گوشار دەخاتە سەر هەردوو لا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە کۆتایی بە گرژی و دوژمنایەتیی نێوانیان بهێنێت.
سەرچاوە سوورییەکە ئاشکرای کردووە کە حوسێن سەلامە، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی سووریا ئەندامێکی شاندەکەی دیمەشق بووە. ئەو سەرچاوەیە گوتی: "دەستپێکردنەوەی ئەم دانوستاندنانە دووپاتکردنەوەی پابەندیی سووریایە بۆ گێڕانەوەی مافە نەتەوەییە نەگۆڕەکانی."
دانوستاندنی راستەوخۆی نێوان سووریا و ئیسرائیل دوای گۆڕانکارییەکانی کۆتایی 2024 دەستیپێکرد، دوایین کۆبوونەوەش لە مانگی ئەیلوولی رابردوو بوو.
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا مانگی رابردوو رایگەیاندبوو، داواکاریی ئیسرائیل بۆ دروستکردنی ناوچەی داماڵدراو لە چەک، وڵاتەکەی دەخاتە مەترسییەوە و داوای کرد تەلئەڤیڤ رێز لە رێککەوتنی 1974 بگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ