سەرکردەیەکی ئەنجوومەنی راگوزەری یەمەن بۆ رووداو: کار بۆ سەربەخۆیی دەکەین

دوێنێ کاژێر 12:09
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرکردەیەکی ئەنجوومەنی راگوزەری باشووری یەمەن بە رووداوی راگەیاند، هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بۆ سەربەخۆبوونی باشووری یەمەن. جەختیش دەکاتەوە کە بەهیچ شێوەیەک گفتوگۆ لەگەڵ حووسییەکان ناکەن.
 
رۆژی دووشەممە، 6ی کانوونی دووەمی 2025، سەرکردیەکی ئەنجوومەنی راگوزەری باشووری یەمەن لە وەڵامی پرسیارەکانی نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە دیسکی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "هێزەکانی باشوور کۆنترۆڵی تەواوی ناوچەکانی باشووریان کردووە و ئێمە کار دەکەین بۆ پەرەپێدانی ئاگاداریی نێودەوڵەتی سەبارەت بە مافەکانی گەلی باشوور و مافی بڕیاردان لە چارەنووسیان."
 
ئەو سەرکردەیە ئاشکرای کرد کە پەیوەندی و هەماهەنگییەکان لەگەڵ وڵاتانی زلهێز و رێکخراوە نێودەوڵەتیی لە باشووری یەمەن حکومەتێکی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی هەیە کە لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی باشوور (نزیک لە سعودیە) و ئەنجوومەنی راگوزەری باشووری یەمەن (نزیک لە ئیمارات) پێکهاتووە. ناوچەکە هەشت پارێزگایە؛ حەزەرمەوت و مەهرە لەژێر کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیدان و شەش پارێزگاکەی دیکە (عەدەن، ئەلحەج، ئەبین، شەبوە، زالع و سوقوترا) لەلایەن ئەنجوومەنی راگوزەرەوە کۆنترۆڵکراون.
 
سەرکردەکەی ئەنجوومەنی راگوزەر گوتی: "پێش سەرەتای ئەمساڵ دوو پارێزگاکەی دیکەشیان (حەزەرمەوت و مەهرە) لەژێر دەستدابوو، بەڵام بەهۆی هێرشی سوپای سعودیە چۆڵمان کردن."
 
بەگوتەی ئەو سەرکردەیە، ریاز دژایەتیی سەربەخۆیی باشووری یەمەن دەکات و بۆیە هێزێکی دیکەی هێناوە و لەو دوو پارێزگایە جێگیری کردوون.
 
سەبارەت بە ئەگەری گفتوگۆ لەگەڵ حووسییەکان کە بەشێکی زۆری یەمەنیان بەدەستەوەیە، بەرپرسەکەی باشووری یەمەن بە رووداوی گوت: "هیچ ئەگەرێک بۆ ئەو پرسە نییە. حووسییەکان تەنیا دوژمنی باشوور نین، ئەوان هەڕەشەن لەسەر مرۆڤایەتی و تەواوی عەرەب."
 
ئەو سەرکردەیە مەرجی بۆ هەر جۆرە دانوستاندنێک دانا و گوتی: "هیچ گفتوگۆیەکمان لەگەڵیان نابێت تاوەکو ئەو کاتەی دەست لە شەڕانگێزییەکانیان دژی خەڵکی باشووری یەمەن هەڵدەگرن."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 19.5 ملیۆن کەس لە یەمەن پێویستیان بە هاوکاریی مرۆییە.
 
سەرکردەکەی ئەنجوومەنی راگوزەر دەڵێت، دۆخەکە دوای کۆنترۆڵکردنی ناوچە گرنگەکان باشتر بووە، بەڵام "هێشتا پێویستمان بە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەوەی بتوانین پێویستییەکانی خەڵک دابین بکەین."
 
لەبارەی دۆخی ئەمنی و جموجۆڵی گرووپە تووندڕۆکان، ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانیان توانیویانە پاشماوەکانی قاعیدە لە باشووری یەمەن لاواز بکەن و کار بۆ ئەوە دەکەن مەترسیی قاعیدە و گرووپە هاوشێوەکانی بۆ سەر خەڵک نەگەڕێتەوە.
 
سەبارەت بە بوونی زیاتر لە 60 هەزار کۆچبەری سۆماڵی و ئەسیوپی لە یەمەن، سەرکردەکەی ئەنجوومەنی راگوزەری یەمەن گوتی، پێشوازی لە هەر کەسێک دەکەن روویان تێبکات، بەڵام دەبێت رێکبخرێن بۆ ئەوەی "شکۆ و مافەکانیان و ئەمنیەتی ناوچەکانیش بپارێزرێن."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە