رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێ، لەگەڵ دیمەشق رێککەوتوون بۆ "خێراکردنی دانوستاندنەکان" و دروستکردنی ناوچەی ئابووریی داماڵدراو لە چەک، ئەوەش دوای ئەوەی بە نێوەندگیریی ئەمریکا بەرپرسانی هەردوولا کۆبوونەوە.
رۆژی سێشەممە 06-01-2026، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی ئەنجامی گفتوگۆکانی لەگەڵ شاندی سووریا لە پاریس بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "رێککەوتن کرا لەسەر بەردەوامبوونی دیالۆگ لەگەڵ سووریا بۆ بەهێزکردنی ئامانجە هاوبەشەکان و پاراستنی ئاسایشی دروزەکان لەو وڵاتە."
نووسینگەی نەتەنیاهوو دەڵێت، ئیسرائیل پابەندە بە بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە و "پێویستیی بەهێزکردنی هاوکاریی ئابووری بە جۆرێک کە سوود بە ئیسرائیل و سووریا بگەیێنێت؛" جەختیشی لەوە کردەوە، ئیسرائیل سوورە لەسەر زامنکردنی ئاسایشی هاووڵاتییانی و رێگریکردن لە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر سنوورەکانی.
ئەمریکا پرۆژەیەکی نوێی خستە بەردەم هەردوولا
هاوکات ماڵپەڕی ئەکسیۆسـی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە بڵاوی کردەوە، لە "گەڕی پێنجەمی دانوستاندنەکان" لە پاریس، هەریەکە لە سووریا و ئیسرائیل رێککەوتن لەسەر "خێراکردنی دانوستاندنەکان، زیادکردنی کۆبوونەوەکان و گرتنەبەری هەنگاو بۆ بنیاتنانی متمانە."
بەرپرسە ئیسرائیلییەکە دانوستاندنەکانی بە "ئەرێنی" ناوبرد.
هەروەها بەرپرسێکی ئەمریکی بە هەمان ماڵپەڕی ڕاگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشنیارێکی نوێی خستووەتە بەردەم دیمەشق و تەلئەڤیڤ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئەمنی.
پێشنیازەکە بریتییە لە دروستکردنی "ناوچەیەکی ئابووریی داماڵدڕاو لە چەک" لە هەردوو دیوی سنووری نێوان سووریا و ئیسرائیل؛ هاوبەشە هەرێمییەکان بەڵێنیان داوە پڕۆژە ئابوورییەکە پارەدار بکەن.
نووسینگەی نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم دیالۆگە لە چوارچێوەی "دیدگەی سەرۆک ترەمپ" دایە بۆ بەهێزکردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن، دوای چەند مانگێک لە وەستانی گفتوگۆکان، شاندێکی باڵای حکومەتی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لە پاریس دەستی بە دانوستاندن لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل کردەوە.
بەپێی میدیای فەرمیی سووریا (سانا)، دیمەشق هەوڵی گەیشتن بە "رێککەوتنێکی ئەمنی هاوسەنگ" دەدات و دەیەوێ رێککەوتننامەی ساڵی 1974 بۆ جیاکردنەوەی هێزەکان کارا بکاتەوە، بە جۆرێک کە "هێزەکانی ئیسرائیل بکشێنەوە" بۆ ئەو شوێنانەی پێش رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 لێی بوون.
شاندی سووریا حوسێن سەلامە، بەرپرسی دەزگەی هەواڵگریشی تێدا بوو. لەبەرامبەردا تەلئەڤیڤ دەیەوێت "ناوچەیەکی داماڵڕاو لە چەک" لە باشووری سووریا دروست بکات بۆ پاراستنی سنوورەکانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ