ئەمریکا، ئیسرائیل و سووریا رێککەوتن؛ "شانەیەکی هاوبەش بۆ ئاڵوگۆڕی هەواڵگری و بازرگانی پێکدەهێندرێت"

دوێنێ کاژێر 10:26
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و سووریا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن، ئیسرائیل و سووریا رێککەوتوون لەسەر "میکانیزمێکی تێکەڵکردنی هاوبەش" بۆ هاوئاهەنگیی دەستبەجێ لە بواری هەواڵگری و سەربازی.
 
رۆژی سێشەممە 06-01-2026 راگەیێندراوی هاوبەشی کۆبوونەوە سێقۆڵییەکەی پاریس بڵاوکرایەوە کە تێیدا هاتووە: "بە چاودێریی ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و سووریا لە پاریس کۆبوونەوە. سەرکردایەتیی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رێگەی خۆشکرد بۆ گفتوگۆی بەرهەمدار کە تەرخان کرابوو بۆ رێزگرتن لە سەروەری و سەقامگیریی سووریا و ئاسایشی ئیسرائیل."
 
دروستکردنی شانەی پەیوەندی
 
بەگوێرەی راگەیێندراوە هاوبەشەکە، هەردوولا (ئیسرائیل و سووریا) بڕیاریان داوە بە دامەزراندنی "میکانیزمێکی تێکەڵکردنی هاوبەش کە وەک شانەیەکی پەیوەندیی تایبەتمەند" کاردەکات.
 
ئەرکەکانی ئەم شانەیە، کە بە پشتیوانیی ئەمریکا دەبێت، بریتین لە:
 
- هاوئاهەنگیی دەستبەجێ و بەردەوام بۆ بەشکردنی زانیاریی هەواڵگری.
 
- کەمکردنەوەی گرژییە سەربازییەکان.
 
- بەشداریی دیپلۆماسی.
 
- رەخساندنی دەرفەتی بازرگانی.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم میکانیزمە وەک سەکۆیەک دەبێت بۆ چارەسەرکردنی هەر ناکۆکییەک بە خێرایی و کارکردن بۆ رێگریکردن لە هەر بەهەڵەتێگەیشتنێک. واشنتن ئەم هەنگاوە ئەرێنییانە بەرز دەنرخێنێت و بە "هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ" لە پەیوەندییەکان ناوی دەبات.
 
نووسینگەی نەتەنیاهوو: لەگەڵ سووریا لەسەر پاراستنی دروزەکان رێککەوتین
 
هاوکات نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لەگەڵ دیمەشق رێککەوتوون بۆ "خێراکردنی دانوستاندنەکان" و دروستکردنی ناوچەی ئابووریی داماڵدڕاو لە چەک، ئەوەش دوای ئەوەی بە نێوەندگیریی ئەمریکا بەرپرسانی هەردوولا کۆبوونەوە.
 
رۆژی سێشەممە 06-01-2026، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی ئەنجامی گفتوگۆکانی لەگەڵ شاندی سووریا لە پاریس بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "رێککەوتن کرا لەسەر بەردەوامبوونی دیالۆگ لەگەڵ سووریا بۆ بەهێزکردنی ئامانجە هاوبەشەکان و پاراستنی ئاسایشی درووزەکان لەو وڵاتە."
 
نووسینگەی نەتەنیاهوو دەڵێت، ئیسرائیل پابەندە بە بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە و "پێویستیی بەهێزکردنی هاوکاریی ئابووری بە جۆرێک کە سوود بە ئیسرائیل و سووریا بگەیێنێت،" جەختیشی لەوە کردەوە، ئیسرائیل سوورە لەسەر زامنکردنی ئاسایشی هاووڵاتییانی و رێگریکردن لە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر سنوورەکانی.
 
ئەمریکا پرۆژەیەکی نوێی خستە بەردەم هەردوولا
 
ماڵپەڕی (ئەکسیۆس)ـی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە بڵاوی کردەوە، لە "گەڕی پێنجەمی دانوستاندنەکان" لە پاریس، هەریەکە لە سووریا و ئیسرائیل رێککەوتن لەسەر "خێراکردنی دانوستاندنەکان، زیادکردنی کۆبوونەوەکان و گرتنەبەری هەنگاو بۆ بنیاتنانی متمانە."
 
بەرپرسە ئیسرائیلییەکە دانوستاندنەکانی بە "ئەرێنی" ناوبرد.
 
هەروەها بەرپرسێکی ئەمریکی بە هەمان ماڵپەڕی ڕاگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشنیارێکی نوێی خستووەتە بەردەم دیمەشق و تەلئەڤیڤ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئەمنی.
 
پێشنیازەکە بریتییە لە دروستکردنی "ناوچەیەکی ئابووریی داماڵدڕاو لە چەک" لە هەردوو دیوی سنووری نێوان سووریا و ئیسرائیل؛ هاوبەشە هەرێمییەکان بەڵێنیان داوە پڕۆژە ئابوورییەکە پارەدار بکەن.
 
نووسینگەی نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم دیالۆگە لە چوارچێوەی "دیدگەی سەرۆک ترەمپ" دایە بۆ بەهێزکردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن، دوای چەند مانگێک لە وەستانی گفتوگۆکان، شاندێکی باڵای حکومەتی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لە پاریس دەستی بە دانوستاندن لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل کردەوە.
 
بەپێی میدیای فەرمیی سووریا (سانا)، دیمەشق هەوڵی گەیشتن بە "رێککەوتنێکی ئەمنی هاوسەنگ" دەدات و دەیەوێ رێککەوتننامەی ساڵی 1974 بۆ جیاکردنەوەی هێزەکان کارا بکاتەوە، بە جۆرێک کە "هێزەکانی ئیسرائیل بکشێنەوە" بۆ ئەو شوێنانەی پێش رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 لێی بوون.
 
دەقی راگەیێندراوە سێ قۆڵییەکە:
 
بە پاڵپشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و سووریا لە پاریس کۆبوونەوە. سەرکردایەتیی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رێگەی بۆ گفتوگۆی بەرهەمدار خۆشکرد کە تەرخان کرابوو بۆ رێزگرتن لە سەروەری و سەقامگیریی سووریا، ئاسایشی ئیسرائیل و خۆشگوزەرانی بۆ هەردوو وڵات. دەوڵەتی ئیسرائیل و کۆماری عەرەبیی سووریا گەیشتوونەتە ئەم لێکتێگەیشتنانەی خوارەوە:
 
لایەنەکان پابەندبوونی خۆیان دووپات دەکەنەوە بۆ هەوڵدان لەپێناو بەدەستهێنانی ئاسایشی هەمیشەیی و رێکخستنەکانی سەقامگیری بۆ هەردوو وڵات.
 
هەردوو لایەن بڕیاریان داوە بە دامەزراندنی میکانیزمێکی تێکەڵکردنی هاوبەش وەک شانەیەکی پەیوەندیی تایبەتمەند، بۆ ئاسانکاریی هاوئاهەنگیی دەستبەجێ و بەردەوام لەبارەی گۆڕینەوەی زانیاریی هەواڵگری، کەمکردنەوەی گرژییە سەربازییەکان، بەشداریی دیپلۆماسی و دەرفەتە بازرگانییەکان، بە پاڵپشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان.
 
ئەم میکانیزمە وەک سەکۆیەک کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی هەر ناکۆکییەک بە خێرایی و کارکردن بۆ رێگریکردن لە هەر بەهەڵەتێگەیشتنێک.
 
ویلایەتە یەکگرتووەکان ستایشی ئەم هەنگاوە ئەرێنییانە دەکات و پابەند دەمێنێتەوە بۆ پشتیوانیکردن لە جێبەجێکردنی ئەم لێکتێگەیشتنانە، وەک بەشێک لە هەوڵە فراوانەکان بۆ بەدەستهێنانی ئاشتیی هەمیشەیی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. کاتێک وڵاتە خاوەن سەروەرییەکان بە شێوەیەکی پڕ رێز و بەرهەمدار هاوکاری دەکەن، دەرگەی خۆشگوزەرانی دەکرێتەوە.
 
ئەم راگەیێندراوە هاوبەشە رەنگدانەوەی گیانی کۆبوونەوە مەزنەکەی ئەمڕۆیە و نیشانەی سووربوونی لایەنەکانە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانیاندا لەپێناو بەرژەوەندیی نەوەکانی داهاتوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە