رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی دوای کۆتاییهاتنی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان رایگەیاند، "سەرەتایەکی باش بوو" و دەتوانرێ بە باشی درێژەی پێبدرێ، ئەوەش بەستراوەتەوە بە لایەنی بەرامبەر و ئەو بڕیارانەی لە تاران دەدرێن.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، سەبارەت بە بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکانی ئەمڕۆ لەنێوان شاندی ئێران و ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، لە کاژێر 10ی بەیانییەوە تاوەکو 6ی ئێوارە دانوستاندنەکان بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بەڕێوەچوون و گفتوگۆکان دوورودرێژ و چڕ بوون.
عەباس عێراقچی گوتی: "دوای ماوەیەکی زۆر کە پەیوەندیمان نەبوو، را و بۆچوونمان ئاڵوگۆڕ کرد. ئەمە زۆر گرنگ بوو. نیگەرانییەکانمان گەیێندران، بەرژەوەندییەکانی ئێمە، مافی خەڵکی ئێران و هەموو ئەو شتانەی کە دەبوو باس بکرێن، لە کەشێکی زۆر باش دا گوێزرانەوە. هەروەها را و بۆچوونی لایەنی بەرامبەریش گوێی لێگیرا."
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "بە گشتی دەتوانم بڵێم، سەرەتایەکی باش بوو، بەڵام بەردەوامبوونی پەیوەستە بەوەی کە ئێمە لە پایتەختەکان راوێژەکانمان بکەین و لەبارەی چۆنییەتی بەردەوامبوونەوە بڕیار بدەین."
عێراقچی گوتی: "ئەوەی دەتوانم بڵێم ئەوەیە کە لەبارەی بەردەوامیی دانوستاندنەکان لێکتێگەیشتن هەبوو و بڕیاردرا کە بەردەوام بێ، بەڵام کاتەکەی و چۆنیەتییەتییەکەی لە راوێژەکانی دواترماندا کە لە رێگەی بووسەعیدییەوە دەکرێن، دیار دەکەین."
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژە بە جەنگی 12 رۆژە لە حوزەیرانی ساڵی رابردوو و نەبوونی متمانە لە نێوان ئێران و ئەمریکا کرد و گوتی: "ئێستا لە قۆناخێکداین دوای هەشت مانگ پر لە بەرزی و نزمی کە ئێمە شەڕێکمان کرد و هەندێک بابەتی دیکەش کە خۆتان دەیزانن روویاندا، ئێستا رەوتێکی دانوستان دەستی پێکردووەتەوە. ئەو بێ متمانەییە گەورەیەی لەم ماوەیەدا دروستبووە و لەسەر بێ متمانەییەکانی پێشوو، بووەتە ئاڵنگارییەکی گەورە لەبەردەم دانوستاندنەکان."
عەباس عێراقچی گوتی: "دەبێ ئێمە سەرەتا بەسەر ئەو بێمتمانەییەدا زاڵ ببین، دواتر بتوانین چوارچێوەی گفتوگۆیەکی نوێ دابڕێژین کە بتوانێت لە بەرژەوەندیی خەڵکی ئێران بێت."
عێراقچی گوتیشی: "ئەمڕۆ لەم بوارەدا کۆمەڵێک گفتوگۆی باش کران و هەردوولا گوێمان لە بۆچوونی یەکدی گرت. بڕیاریش درا درێژەیان پێبدرێ. من وای بۆ دەچم، ئەگەر بەم شێوەیە و بە هەمان ئەم بۆچوونانە بەردەوام بین، دەتوانین لە کۆبوونەوەکانی دواتردا بگەینە چوارچێوەیەکی پەسند بۆ گفتوگۆکان، بەڵام نامەوێ لە ئێستاوە بڕیار بدەم. پێم وایە دەستپێکێکی باش بوو و دەشتوانرێ بە باشی درێژەی پێبدرێ، ئەوەش بەستراوەتەوە بە لایەنی بەرامبەر و ئەو بڕیارانەی لە تاران دەدرێن."
شاندی ئێران لە لایەن عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە سەرۆکایەتی کرا و لە مەجید تەختی رەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری سیاسی؛ کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری نێودەوڵەتی؛ حەمید قەنبەری، جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ئابووری و ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە پێکهاتبوو.
شاندی ئەمریکاش بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئادمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) و جێرد کوشنەر، زاوای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێکهاتبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ