رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) وێنەی نوێی جووڵەی گرووپێکی دەریایی زەبەلاحی وڵاتەکەی لە "دەریای عەرەبی" بڵاوکردەوە، ئەمەش وەك پەیامێک بۆ نەیارەکانی واشنتن لە ناوچەکەدا.
سێنتکۆم رایگەیاند: "گرووپی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (ئەبراهام لینکن) بە یاوەریی دوو کەشتیی دابینکردنی سەربازی و دوو کەشتیی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکا، ئەمرۆ هەینی لە ئاوی دەریای عەرەبی دا دەستیان بە مانۆڕ و جووڵە کرد."
لەگەڵ جووڵەی کەشتییە جەنگییەکان، سێنتکۆم رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی (ئێیەر وینگ 9)، لە ئاسمانی ناوچەکەدا فڕیون.
کەشتیی ئەبراهام لینکن ناسراو بە (CVN-72) بە وزەی ئەتۆم کاردەکات و لە 11-11-1989ـەوە لە خزمەتدایە، بەوە ناسراوە کە وەک "بنکەیەکی سەربازیی گەڕۆک" کاردەکات. کەشتییەکە بە هەموو کەرەستەکانییەوە نزیکەی 104 هەزار و 300 تۆنە و رووبەری تەختەکەی 18 هەزار و 210 مەتر دووجایە، درێژییەکەی 332 مەترە. زۆرترین خێرایی کەشتییەکە 56 کیلۆمەترە لە کاژێرێک و تێچووەکەی 6.8 ملیار دۆلارە.
ئەبراهام لینکن دەتوانێ پێنج هەزار و 680 کارمەند و 90 فڕۆکە بگوازێتەوە. کەشتییە زەبەلاحەکە سیستمیی بەرگریی (ئێم کەی 57 مۆد 3 سی سپارۆ)، (رام) و (سی ئای دەبڵیو ئێس)ـی لەسەرە بۆ بەرگریکردن لەخۆی.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە پەیامەکەی دا درووشمی ناسراوی (ئاشتی لەرێگەی هێز)ـەوەی بەکارهێناوە، کە ئاماژەیە بۆ ستراتیژیی ئیدارەی ترەمپ بۆ سەپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا لەرێگەی بەکارهێنانی هێزی سەربازییەوە.
ئەم نمایشە سەربازییە لە کاتێکدایە، ئەمرۆ واشنتن و تاران لە مەسقەتی پایتەختی عومان گەڕێکی دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانیان ئەنجام دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ