رووداو دیجیتاڵ
بەگوتەی دیپلۆماتێک، لە یەکەم رۆژی دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتن لە سەڵتەنەتی عومان، "ئێران داواکاریی ئەمریکای بۆ راگرتنی تەواوەتیی پیتاندنی یۆرانیۆم لەنێو وڵاتەکەی رەتکردوەتەوە."
ئەو دیپلۆماتەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست قسەی بۆ ئاژانسی رۆیتەرز کردووە و گوتوویەتی: "ئێران ئامادە نییە دەستبەرداری مافی پیتاندن بێت، بەڵام ئامادەیی نیشانداوە باس لە ئاست و رادەی پاکیی پیتاندنەکە بکات."
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کردووە، تاران پێی وایە دانوستاندنکارانی ئەمریکا لە هەڵوێستی ئێران تێگەیشتوون و "هەندێک نەرمییان بەرامبەر داواکارییەکانی تاران نیشانداوە؛" هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، لەم گەڕەی گفتوگۆکانی مەسقەت دا "بە هیچ شێوەیەک باسی توانای مووشەکیی ئێران نەکرا."
هاوکات دوو سەرچاوەی ناونەهێنراو بە ئاژانسی ئەکسیۆسی ئەمریکییان گوت: "سەرەتا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رووبەڕوو قسەی لەگەڵ جارید کوشنەر، راوێژکاری ترەمپ و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد."
کۆبوونەوەکە دواتر بووەتە ناڕاستەوخۆ و لەلایەن بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان نێوەندگیری بۆ کراوە. شاندەکان کاژێر 10:00ـی بەیانی بۆ 6:00 ئێوارە لە کۆبوونەوە و دانوستاندن بوون.
عەباس عێراقچی، دوای کۆتاییهاتنی گفتوگۆکان بە تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند: "ئەمە سەرەتایەکی باش بوو بۆ دانوستاندنەکان و لێکتێگەیشتن هەیە بۆ بەردەوامبوونیان. ئەگەر ئەم رەوتە بەردەوام بێت، دەگەینە چوارچێوەیەکی باش بۆ رێککەوتن."
گوشارەکانی واشنتن و مەرجەکانی ترەمپ
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشتر گوتبووی، واشنتن دەیەوێ گفتوگۆکان فراوان بن و پرسی مووشەکی بالیستی، پشتگیریکردنی گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە لە لایەن تاران و شێوازی مامەڵەی حکومەتی ئێران لەگەڵ گەلەکەی بگرێتەوە.
روبیۆ گوتی: "بۆ واشنتن، بەردەوامبوونی پیتاندنی یۆرانیۆم لەنێو خاکی ئێران هێڵی سوورە، چونکە بە رێگەیەک بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی دەبینرێ، هەرچەندە ئێران هەمیشە ئەمە رەت دەکاتەوە."
ئەم دانوستاندنە دیپلۆماسییانە لە ژێر سێبەری هەڕەشەی سەربازییدان. ئەمریکا هێزێکی دەریایی زەبەلاحی ناردوەتە ناوچەکە.
ترەمپ هۆشداری داوە، ئەگەر رێککەوتن نەکرێ، "شتی خراپ" روودەدات. لە حوزەیرانی 2025دا ئەمریکا چووە نێو جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل و چەندین پێگەی ئەتۆمیی ئێرانی بۆردوومانکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ