حەوتەم رۆژی جەنگە و هێرشەکانی سەر ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە حەوتەم رۆژی جەنگدا، چەندین بنکەی سەربازی لە زیاتر لە 20 شاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کراونەتە ئامانج کە لە هەندێک شوێن کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.
 
ژمارەیەک لە هێرشەکان لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 06-03-2026ـوە، کراوەتە سەر ژمارەیەک بنکەی سەربازی لە شاری مهابادی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
بە فڕۆکەی جەنگی هێرشکرایە سەر بنکەی پۆلیسی ژمارە 11ـی مهاباد لە شەقامی تاڵەقانیی مهاباد و بە گوێرەی زانیارییەکان بنکەکە بە تەواوی خاپوور بوو.
 
هاوکات کاژێر 10:00 (بەکاتی هەولێر) لە نزیک گوندی کۆسەکەرێزی سەر بە شارەکە، سەربازگەی سوپای پاسداران کە بە سەربازگەی کۆسەکەرێزی سوپا ناسراوە، کرایە ئامانج.
 
ئەوە لەکاتێکدایە کە دوێنێ شەو، بەڕێوەبەرایەتیی ئیتڵاعاتی ئێران و بەڕێوەبەرایەتیی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانیش لە مهاباد بە چڕی بۆردوومان کران.
 
بە گوێرەی زانیارییەکان، هێزێکی زۆری سوپای پاسداران لە نزیک بەنداوی مهاباد بڵاوەیان پێکراوە. هاونیشتمانییانی مهاباد ژمارەیەک گرتە ڤیدیۆیان تۆمارکردووە کە تێیاندا سووڕانەوەی چەندین فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی شارەکە دەبینرێت.
 
هەروەها باس لە هێرشکردنە سەر بنکەی سوپای ئێران لە گەڕەکی ''تەلاییە''ـی مهاباد دەکرێ کە بەهۆیەوە دووکەڵێکی چڕ لە بنکەکە بەرز دەبێتەوە.
 
هەر لە پارێزگای ورمێ، بۆ یەکەم جار هێرشکرایە سەر بنکەیەکی سوپای پاسداران لە شاری میاندواو و وەک لە گرتەڤیدیۆکاندا دیارە، دوای تەقینەوەیەکی بەهێز، دووکەڵێکی چڕ لە بنکەکە بەرز دەبێتەوە.
 
بە گوێرەی ئەو گرتەڤیدیۆیانەی کە بڵاوکراونەتەوە، ژمارەیەک بنکەی سەربازی لە شاری سەلماسی پارێزگای ورمێش بۆردوومان کراون.
 
هێرشەکان بنکەیەکی سوپای پاسدارانی لە شاری ماکۆ و بنکەی ژمارە 12ـی پۆلیسی شارۆچکەی بازرگانی سەر بە پارێزگای ورمێشیان گرتەوە. 
 
لە حەوت رۆژی جەنگدا، ئەوە یەکەم جارە بنکە سەربازییەکان لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی کوردستان وەک سەلماس، بازرگان و ماکۆ دەکرێنە ئامانج.
 
نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری پۆلدۆختەری پارێزگای لورستانیش بنکەی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران دوو جار بە مووشەک بۆردوومان کرا. 
 
لە شاری بانەی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش کە چەندین جار بنکە سەربازییەکانی تێدا بۆردوومان کراوە، جارێکی دیکە دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیسترا.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ فەرماندەیی سوپای پاسداران لە شاری پاوەی پارێزگای کرماشانیش بە خەستی بۆردوومان کرا.
 
گەرووی کەنشت کە ناوچەیەکی سنووریی پارێزگای کرماشانە و بنکەی پاسەوانی سنووریی پارێزگاکەی لێیە، لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە کرایە ئامانج.
 
هەروەها جارێکی دیکە هێرشکرایەوە سەر بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی شاری سونقوری پارێزگاکە.
 
هاوکات لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بنکە و بارەگاکانی پۆلیس، سوپای پاسداران و سوپای وڵاتەکە لە هێرشەکان پارێزراو نەبوون. بەگوێرەی زانیارییەکان دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە نزیک فڕۆکەخانەی شاری مەشهەدی سەر بە پارێزگای خوڕاسانی رەزەوی بیستراوە.
 
کاژێر 13:00 (بەکاتی هەولێر) دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە شاری رەشتی پارێزگای گیلانی باکووری ئێرانیش بیستراوە.
 
هەروەها هێرشێکی چڕکراوەتە سەر بنکەیەکی سەربازی لە شەقامی ''سومەیە''ـی شاری شیرازی پارێزگای فارس.
 
هەر لە پارێزگای فارس، چەندین درۆن لە ئاسمانی شاری لار بینراون و دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی پارێزگای فارس، لە ئەنجامی هێرشێکدا بۆ سەر ناوچەی زیباشاری شیراز، لانیکەم 20 کەس کوژراون و 30ـی دیکە بریندار بوون.
 
لە ئاسمانی لەنجانی پارێزگای ئیسفەهانیش درۆن بینراوە و بە چوار مووشەک هێرشکراوەتە سەر بنکەیەکی سوپای پاسداران.
 
بەگوتەی ئەکبەر ساڵحی، جێگری پارێزگاری ئیسفەهان، لە ئەنجامی کارابوونی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پارێزگاکە، دوو درۆنی جۆری هێرۆنی ئیسرائیلی خراونەتە خوارەوە.
 
 پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، چەندین بنکەی سەربازی لە پارێزگای بوشێهریش لە باشووری ئێران بە چڕی بۆردوومان کران.
 
هاوکات لە تارانی پایتەخت، هێرشەکان بۆ سەر چەندین ناوچەی پیشەسازی، بنکەی سەربازی و ناوەندی کارگێڕی بەردەواوم بوون و زیانیان بە دەرمانخانە، وێستگەی بەنزین و چەندین باڵەخانە گەیاند.
 
یەکێک لە هێرشەکان بۆ سەر شەقامی ''جمهووری''ـی ناوەندی تاران بوو کە لە ئەنجامدا، کارەبا و ئاوی چەندین گەڕەک بڕان. 
 
ئامانجێکی دیکەی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، ناوەندی بەسیجی ''میقداد'' بوو لە رۆژئاوای شاری تاران کە نزیکە لە گۆڕەپانی ئازادیی شارەکە و لە گرتەڤیدیۆکاندا دووکەڵێکی چڕ لە بنکەکە بەرز دەبێتەوە.
 
هەروەها جارێکی دیکە کۆلێژی ئەفسەریی ئیمام عەلیی سوپای پاسداران و ناوچەی پیشەسازیی شەریعەتی لە باشووری تاران بۆردوومان کران.
 
بە گوێرەی زانیارییەکان، دووبارە هێرشکراوەتە شەقامی پاستۆری تاران، کە هەستیارترین شوێنە سەربازی، کارگێڕی و ئەمنییەکانی وەک کۆشکی سەرۆککۆماری و نووسینگەی رێبەری ئێرانی تێدا هەڵکەوتووە.
 
لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 28ـی شوباتەوە، هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و تائێستا بەردەوامە.
 
لە بەرامبەردا، هێزە چەکدارەکانی ئێران و بەتایبەت سوپای پاسداران، بە چەندین مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
 
بەگوتەی فاتمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران، لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکو نیوەڕۆی رۆژی هەینی، 3090 یەکەی نیشتەجێبوون، 528 یەکەی بازرگانی، 13 یەکەی تەندروستیی وڵاتەکە کراونەتە ئامانج.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە