رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا و تێیدا جەختیان لە رەتکردنەوەی هەموو ئەو هێرشانە کردەوە کە دەکرێنە سەر خاک و سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ هەینی، 6ی ئاداری 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لەسەر عێراق تاوتوێ کرد.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا جەختیان لە "رەتکردنەوەی ئەو دەستدرێژییانە کردەوە کە دەکرێنە سەر چەندین شاری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە؛" هەروەها سوودانی و نێچیرڤان بارزانی هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە "نابێت رێگە بدرێت خاکی عێراق ببێتە سەرچاوەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ."
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی خۆیان بۆ هەموو ئەو هەنگاوانە دووپاتکردەوە کە ئامانجیان بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش لەبارەی نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە رایگەیاند، هەردوولا رەتکردنەوەی ئەو هێرشانەیان دووپات کردەوە کە دەکرێنە سەر شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و جەختیان کردەوە کە نابێت خاکی عێراق ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە یان هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ. هەروەها پشتگیریی خۆیان بۆ هەموو ئەو هەنگاوانە نیشان دا کە دەبنە مایەی بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا "داکۆکییان لەسەر پێویستیی رووبەڕووبوونەوەی ئاڵۆزییەکان لە رێگەی یەکخستنی هەڵوێست و گوتاری هێزە نیشتمانییەکان کردەوە، بە شێوەیەک کە پارێزگاری لە سەروەریی وڵات و ئاسایشی نیشتمانی بکرێت".
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری ئارامی دەبێت و پشتگیری لە هەموو هەوڵە نیشتمانییەکان دەکات بۆ بەدوورگرتنی عێراق لە لێکەوتە نەرێنییەکانی ململانێ له ناوچەکه".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ