وەزارەتی گواستنەوەی عێراق: لە 8ـی مانگەوە گەشتی حاجیان دەستپێدەکات

06-05-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، رۆژی 8ی مانگ گەشتی حاجیان بۆ سعودیە لە رێگەی ئاسمانی دەستپێدەکات و 13 بۆ 20ی مانگیش کاروانەکانی رێگەی وشکانی بەڕێدەکەون.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ی ئایاری 2025، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی 8ی ئەم مانگە کاروانی یەکەمی حاجیان لە رێگەی هێڵی ئاسمانییەوە بەرەو سعودیە گەشت دەکەن و لە نێوان رۆژانی 13 بۆ 20ی مانگیش کاروانە وشکانییەکانیش بەڕێدەکەون."
 
مەیسەم سافی گوتی: "رۆژانە حاجیان بە 5 فڕۆکە گەشت دەکەن، بەڵام هێڵی وشکانی هێشتا بەتەواوی دیارنییە کە بە چەند پاس دەبێت."
 
لەبارەی گەڕاندنەوەی حاجیان، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت: "هەر لە دوای جەژنی قوربان، گەڕاندنەوەی حاجیان دەستپێدەکات."
 
دوێنێ وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند: "لیژنەی باڵای ئەمنیی سەرپەرشتی پاراستنی کاروانی حاجیان دەکات بەرەو سعودیە و هەموو رێکارە ئەمنییەکان دەگرنەبەر."
 
لە هەرێمی کوردستانیش بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە، رۆژی 16ـی مانگ کاروانی رێگەی وشکانی حاجییان بەڕێدەکەون و رۆژی 19ـی هەمان مانگیش گەشتی کاروانەکانی هێڵی ئاسمانیی دەستپێدەکات.
 
ئەم ساڵ نزیکەى 34 هەزار کەس لە پارێزگاکانى عێراق حەج دەکەن و لە هەرێمى کوردستانیش پێنج هەزار و 120 کەس دەچنە حەج.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە