حووسییەکانی یەمەن هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل دەکەن

06-05-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حووسییەکانی یەمەن هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکەن و دەڵێن، بە تووندی وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر فڕۆکەخانە و ژێرخانی یەمەن دەدەنەوە.
 
رۆژی سێشەممە 6ی ئایاری 2025 حووسییەکان سەرکۆنەی ئیسرائیلیان کرد دوای بەئامانجکردنی فڕۆکەخانە و وێستگە کارەباییەکانی شاری سەنعای پایتەختی یەمەن، هۆشداریشیان دا بەوەی وەڵامێکی تووندی ئیسرائیل دەدەنەوە.
 
حووسییەکان دەڵێن، "دەستدرێژیی ئیسرائیل بێ وەڵام تێناپەڕێت؛ یەمەنیش لە هەڵوێستی خۆی بۆ پشتگیری لە غەززە سارد نابێتەوە."
 
بەگوێرەی میدیای حووسییەکان، لە ئەنجامی بۆردوومانەکەی ئەمڕۆی ئیسرائیل، سێ کەس کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
 
هەر ئەمڕۆ کابینەی جەنگیی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیران کۆبووەوە، دواتریش نەتەنیاهوو رایگەیاند، "ئێران بەرپرسە لە تەواوی هێرشی حووسییەکان. ئەوەی هێرش بکاتە سەر دەوڵەتی ئیسرائیل، باجێکی قورس دەدات."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "بێ هاوکارییە درێژمەوداکانی ئێران، حووسییەکان ناتوانن بە مووشەک هێرش بکەنە سەرمان."
 
دواتریش یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، "چەند جارێکی دیکەش رامگەیاندووە، ئەوەی زیانمان پێ بگەیێنێت، 7 بەرامبەر لێی دەدەینەوە. تیرۆریستانی حووسی فڕۆکەخانەی بین گۆریۆنیان کردە ئامانج و ئێمەش ئەمڕۆ فڕۆکەخانەی سەنعامان وێران کرد."
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، "ئەوەی کردمان پەیامێکی هۆشدارییە بۆ ئێران. ئێوە راستەوخۆ بەرپرسن لە هەر هێرشێک" کە حووسییەکان "دەیکەنە سەر دەوڵەتی ئیسرائیل، بەرپرسیاریش دەبن لە هەر ئەنجامێک لێی دەکەوێتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە