ئیسرائیل بۆ لوبنان: تاوەکو حیزبوڵڵا چەک دانەنێت، بۆردوومان بەردەوام دەبێت

06-06-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری بە لوبنان دەدات کە تاوەکو حیزبوڵڵا دەستبەرداری چەک نەبێت، لە بۆردوومانکردنی باشووری ئەو وڵاتە بەردەوام دەبن.
 
رۆژی هەینی، 6ی حوزەیرانی 2025 یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "هیچ ئارامییەک لە بەیرووت و هیچ سەقامگیرییەک لە لوبنان نابێت، بێ دابینکردنی ئاسایش بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل. پێویستە رێز لە رێککەوتنەکان بگیرێت و ئەگەر ئەوەی داواکراوە جێبەجێی نەکەن، بە هێزێکی گەورەوە لە کردەوەکانمان بەردەوام دەبین."
 
گوتەکانی وەزیرە ئیسرائیلییەکە لە کاتێکدایە، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، ئیسرائیل بۆردوومانی دەوروبەری بەیرووتی کرد.
 
جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرا"ی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا ناویبرد.
 
پێش ئەوەی لە تشرینی دووەمی پار ئاگربەست رابگەیێندرێت، ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بۆ زیاتر لە ساڵێک هێرشیان دەکردە سەر یەکدی. 
 
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوانیان، حیزبوڵڵا دەبێت بۆ باکووری رووباری لیتانی بکشێتەوە کە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە و هەموو ژێرخانێکی سەربازی لە باشووری رووبارەکە هەڵبوەشێنێتەوە.
 
هەروەها رێککەوتنەکە داوا لە ئیسرائیل دەکات، هێزەکانی لە باشووری لوبنان بکشێنێتەوە، بەڵام ئیسرائیل هێشتا لە پێنج پێگە هێزەکانی هێشتووە کە بە "پێگەی ستراتیژی" ناویان دەبات.
 
رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لەنێوەڕاستی شوباتی ئەم ساڵ کۆتایی هات، بەڵام تاوەکو ئێستا هەردوولا دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی گەورە دژی یەکدی نەکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە