ئیسرائیل کوژرانی چوار سەربازی سوپاکەی لە غەززە راگەیاند

06-06-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کوژرانی چوار سەربازی سوپاکەی لە غەززە راگەیاند. میدیای ئیسرائیل هۆکاری کوژرانیان بۆ تەقاندنەوەی باڵەخانەیەکی بۆمبڕێژکراو دەگەڕێنێتەوە.
 
رۆژی هەینی 6ی حوزەیرانی 2025 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی چوار سەربازەکەی راگەیاند و گوتی، سەرەخۆشی "ئاراستەی بنەماڵەی چوار پاڵەوانە" کوژراوەکان لە غەززە دەکات، کە دژی حەماس و بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان جەنگان.
 
نەتەنیاهوو تەنیا ناوی دوو لە سەربازە کوژراوەکانی هێنا، ئەوانیش یواڤ راڤەر و چێن گرۆسن.
 
لەبارەی سەربازە کوژراوەکانەوە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "چوار سەربازەکان ژیانی خۆیان بەخشی لەپێناو سەلامەتیی هەموومان."
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێشتا رێگەیان پێنەدراوە ناوی دوو سەربازە کوژراوەکەی دیکە ئاشکرا بکەن.
 
ئاماری جیاواز لەبارەی ژمارەی سەربازانی کوژراوی ئیسرائیل لە جەنگەکە بڵاودەبنەوە؛ هەندێک سەرچاوە دەڵێن، نزیکەی 430 سەرباز کوژراون و هەندێکی دیکەش دەڵێن، زیاتر لە 860 سەرباز کوژراون.
 
بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، هەر چوار سەربازەکە لە باشووری کەرتی غەززە کوژراون. میدیای ئیسرائیلیش دەڵێ، سەربازەکان بەهۆی تەقاندنەوەی باڵەخانەیەک لە شاری خانیونس کوژراون.
 
جگە لە کوژرانی چوار سەربازەکە، پێنج سەربازی دیکەش بریندار بوون، کە برینی یەکێکیان قورسە.
 
لە هەفتەی رابردووەوە، 8 سەربازی ئیسرائیل لە غەززە کوژراون، ئەوەش زۆرترین ژمارەی سەربازی ئیسرائیلییە کە لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە لە هەفتەیەکدا کوژرابن.
 
ئیسرائیل بەم دواییانە هێرشەکانی لە غەززە چڕ کردوونەتەوە و دەڵێت، ئەمە هەوڵێکی نوێیە بۆ شکستپێهێنانی حەماس.
 
7ی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و لە ئەنجامدا 1139 کەس کوژران. بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا 250 سەرباز و هاووڵاتییش بە بارمتە گیران.
 
لەو کاتەوەش 54677 کەس لە غەززە کوژراون، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، 125 هەزار و 530 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە