سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 10 هەزار سەربازیان پێویستە

06-06-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لانیکەم 10 هەزار سەربازیان پێویستە، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەززە.
 
رۆژی هەینی 6ی حوزەیرانی 2025 ئیفی دیفرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا سەبارەت بە بانگهێشتکردنی جووە ئۆرسۆدۆکسە تووندڕۆکان بۆ نێو سوپا گوتی، "سوپا زیاتر لە 10 هەزار سەربازی کەمە، لەوانەش نزیکەی 6 هەزاریان کە دەبێت سەربازی شەڕکەر بن."
 
گوتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "ئەمە پێویستییەکی راستەقینەی ئۆپەراسیۆنییە و هەموو رێکارێکی پێویستیش دەگرینەبەر."
 
ئەو راگەیێندراوەی سوپای ئیسرائیل لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سوپاکە کوژرانی چوار سەربازی لە کەرتی غەززە راگەیاند، بەو شێوەیەش ژمارەی ئەو سەربازە ئیسرائیلییانەی لە سەرەتای هێرشی زەوینییەوە لە غەززە کوژراون، گەیشتە سەتان کەس؛ بەشێک لە میدیای ئیسرائیل دەڵێ 429 سەرباز لە غەززە کوژران و بەشێکی دیکەش دەڵێن، زیاتر لە 800 سەرباز کوژراون.
 
7ی تشرینی یەکەمی 2023 حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و لە ئەنجامدا 1139 کەس کوژران. بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا 250 هاووڵاتیش بە بارمتەگیران.
 
لەو کاتەوەش 54677 کەس لە غەززە کوژراون و 125 هەزار و 530 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
یەکێک لە مشتومڕاویترین بابەتەکان لە کۆمەڵگەی ئیسرائیل بریتییە لە لێخۆشبوونی پیاوانی جووە ئۆرسۆدۆکسە تووندڕۆکان لە خزمەتی سەربازی، کە رێگەیان پێدەدرێت خزمەتەکانیان دوابخەن یان نەچنە ریزی سوپا، بەو مەرجەی لە قوتابخانە ئایینییەکان بخوێنن.
 
لێخۆشبوونی جووە ئۆرسۆدۆکسەکان لە سەرەتای دروستبوونی ئیسرائیلەوە هەیە، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی ژمارەیان کە بوونەتە نزیکەی 14%ی دانیشتووان، بابەتەکە زیاتر بووەتە جێگەی مشتومڕ.
 
لە ئاداری 2024 دادگە بڕیاریدا کە حکومەت دەبێت دەست بە بانگهێشتکردنی ئۆرسۆدۆکسە تووندڕۆکان بۆ خزمەتی سەربازی بکات، بەڵام پارتە ئۆرسۆدۆکسە تووندڕۆکان کە رۆڵێکی گرنگ لە حکومەتی هاوپەیمانیی نەتەنیاهوو دەگێڕن، بە تووندی دژی ئەو بڕیارە وەستاونەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە