رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە مانگی حوزەیراندا 13 چەکداری داعشیان لە عێراق و سووریا کوشتووە، کە نزیکەی هەموویان لە عێراق بوون.
لە راگەیێندراوەکەی رۆژی پێنجشەممەی هێزەکەدا هاتووە: "لە مانگی حوزەیرانی 2023ـدا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هاوبەشەکانی دیکە، کۆی گشتیی 37 ئۆپەراسیۆنی دژی داعشیان کردووە، کە لە ئەنجامدا 13 ئەندامی داعش کوژران و 21ی دیکەش دەستگیرکران."
راگەیێندراوەکە پێشانیدەدات کە لە مانگی رابردوودا، زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لە عێراق بوون، بە جۆرێک کە لە کۆی 37 ئۆپەراسیۆن، 30یان لە عێراق کردووە، کە تێیدا 12 چەکداری داعشیان کوشتووە و 7یان دەستگیرکردووە.
لە سووریاش لە 7 ئۆپەراسیۆندا، چەکدارێکی داعشیان کوشتووە و 14ی دیکەیان دەستگیرکردووە.
سێنتکۆم دەڵێت: "ئەم ئۆپەراسیۆنانە پابەندبوونی بەردەوامی ئێمە بە لەنێوبردنی بەردەوامی داعش بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی پێشاندەدات."
هاوکات جەنەڕال ماتیو مکفارلن، فەرماندەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەڵێت: "بەردەوامبوونی کەمبوونەوەی جموجوڵەکانی داعش لە عێراق و سووریا، گەواهیدەری پابەندبوونی هێزە هاوبەشەکانمانە بە سەلامەتی و سەقامگیریی ناوچەکە،" مکفارلن ئاماژە بەوەش دەکات: "هاوپەیمانی بەردەوامە لە راوێژدان، یارمەتیدان و توانادارکردنی هاوبەشەکانمان بۆ لەنێوبردنی بەردەوامی داعش."
هەروەها جەنەڕال مایکڵ کوریلا، فەرماندەی سێنتکۆم دەڵێت: "ئێمە ستایشی لێهاتوویی، پیشەگەری و خۆتەرخانکردنی هاوبەشە عێراقی و سووری و هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانی دەکەین، هەوڵە بەردەوامەکانمان بۆ لە نێوبردنی داعش تەنیا لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی بەردەوام و چڕوپڕەوە دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ