رووداو دیجیتاڵ
نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، سەرەڕای گوشارەکان بۆ لێسەندنەوەی چەکەکانیان، بزووتنەوەکەیان لە وەڵامی هەڕەشەکانی ئیسرائیلدا خۆی بەدەستەوە نادات و چەک دانانێت.
نەعیم قاسم لە رێوڕەسمی ئایینیی عاشوورادا، لە گوتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا کە بۆ هەزاران لایەنگری لە گەڕەکەکانی باشووری بەیرووت پێشکێشی کرد، گوتی: "ئەم هەڕەشەیە وامان لێناکات ملکەچ بین و خۆمان بەدەستەوە بدەین."
ئەو سەرکردە لوبنانیانەی کە دوای شەڕەکەی ساڵی رابردووی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، چەندینجار بەڵێنیان داوە هەڵگرتنی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دەبێت و هاوکات داوایان لە ئیسرائیل کردووە پابەندی ئاگربەستی مانگی تشرینی دووەمی 2024 بێت، کە کۆتایی بە شەڕەکە هێنا.
نەعیم قاسم، کە دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری پێشووی حیزبوڵڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە، لە مانگی ئەیلوول بووەتە شوێنگرەوەی، رایگەیاند کە چەکدارەکانیان دەستبەرداری چەکەکانیان نابن و جەختیشی کردەوە کە دەبێت سەرەتا "دەستدرێژییەکانی" ئیسرائیل رابگیرێن.
گوتارەکەی نەعیم قاسم لە کاتێکدایە کە بڕیارە رۆژی دووشەممە، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا بگاتە بەیرووت.
بە گوتەی بەرپرسێکی لوبنانی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بڕیارە بەرپرسانی لوبنان وەڵامی داواکارییەکەی باراک بدەنەوە سەبارەت بە چەککردنی حیزبوڵڵا کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ.
دەسەڵاتدارانی لوبنان دەڵێن، ئەوان خەریکی هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی سەربازیی حیزبوڵڵان لە باشووری وڵات و نزیک سنووری ئیسرائیل.
وێڕای ئاگربەستەکەی مانگی تشرینی دووەم، ئیسرائیل بەردەوام بووە لە هێرشکردنە سەر لوبنان و دەڵێت، ئامانجیان پێگەکانی حیزبوڵڵایە و بەیرووتیش بەوە تۆمەتبار دەکات کە هەوڵی پێویست بۆ چەککردنی گرووپەکە نادات.
بەپێی رێککەوتنی ئاگربەستەکە، پێویستە حیزبوڵڵا چەکدارەکانی بکشێنێتەوە بۆ باکووری رووباری لیتانی، کە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە.
هەروەها دەبوو ئیسرائیل هێزەکانی لە تەواوی لوبنان بکشێنێتەوە، بەڵام لە پێنج خاڵدا هێشتوونییەتەوە کە بە ستراتیژییان دەزانێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ